ئەنفلەوەنزا دەوامی قوتابخانەکانی ورمێی راگرت؛ سبەی پشووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەنفلەوەنزا، سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەمەبەستی پاراستنی تەندروستیی قوتابییان و شکاندنی زنجیرەی گواستنەوەی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا، سبەی سێشەممە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگاکە دادەخرێن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە هاونیشتمانییان، بەتایبەتی گرووپە هەستیارەکانی وەکو منداڵان، ژنانی دووگیان، بەساڵاچووان و تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناسەدان، "ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، لە ماڵەوە بمێننەوە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ژیلا یاوەریان، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی ئەنفلەوەنزای ئێران رایگەیاندووە، ئەم ساڵ بڵاوبوونەوەی پەتاکە فراوان بووە و نزیکەی 30٪ بۆ 35٪ـی دانیشتووانی ئێران تووشی ئەنفلەوەنزا بوون؛ لەو رێژەیەش نزیکەی 2٪ـیان هاوکات تووشی کۆرۆنا (COVID-19) بوون.
 
بەگوتەی ژیلا یاوەریان، ئەم شەپۆلی ئەنفلەوەنزایە کە لە کۆتایی وەرزی پاییزەوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبووەتەوە، پێشبینی دەکرێت تاوەکو دوو مانگی دیکەش بەردەوام بێت. تەنیا لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئەم شەپۆلەوە، لە چەندین پارێزگا زیاتر لە سێ هەفتە پرۆسەی خوێندن وەستاوە.
 
سەبارەت بە ئاماری قوربانییان، پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی ئێران گیانلەدەستدانی 115 کەسی بەهۆی ئەنفلەوەنزاوە راگەیاندبوو، بەڵام سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی ئەنفلەوەنزای ئێران دەڵیت، ئامارێکی ورد لەبەردەست نییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دارایی نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتەکان دەکات لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە ئامادەکردنی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی. وەزارەتەکە داوای کردووە لە ماوەی 20 رۆژدا لیستەکان ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی 2026ـی عێراقدا جێگیر بکرێن.