بەرپرسێکی دروزەکانی سوەیدا: 100 کەس لە پارێزگاکە کوژراون

15-07-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
د. فراس ئەلعەیسەمی، هەماهەنگیکاری کۆنگرەی سوەیدا
د. فراس ئەلعەیسەمی، هەماهەنگیکاری کۆنگرەی سوەیدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەسایەتییەکانی دروزەکان لە سوەیدا رووداوەکانی پارێزگاکە بە " جینۆساید" ناودەبەن و داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کۆمەڵکوژییە رابگرێت.
 
د. فراس ئەلعەیسەمی، هەماهەنگیکاری کۆنگرەی سوەیدا لەکاتی بەشداریکردنی لە نوڕۆژی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "دۆخی پارێزگای سوەیدا کارەساتبارە و جینۆساید دەکرێت." داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "بەپەلە" دەستوەردان بکات و گەمارۆی سەر ناوچەکە هەڵبگرن.
 
ئەو بەرپرسەی دروزەکان دەڵێ: "هێرشی جۆراوجۆر بە چەکی قورس تۆپ و مووشەک، بەدرۆنیش دەکرێنە سەر سوەیدا."
 
ئەلعەیسەمی گوتی: "ئێمە بەم شێوەیە ناتوانین وڵات دروست بکەین" جەختی لەوە کردەوە، بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی سیاسی لە سوەیدا شتێکی ئاساییە و خەڵکی سوەیدا هێرشیان نەکردووەتە سەر هیچ لایەنێک."
 
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان لەو پارێزگایەی سووریا، هەماهەنگیکاری کۆنگرەی سوەیدا ئاشکرای کرد، "بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە تاوەکو ئێستا 100 کەس کوژراون و 300 کەسی دیکەش بریندار بوون، هۆشداریی دا ئەم ئامارە رووی لە زیادبوونە."
 
ئەلعیسەمی تیشکی خستە سەر دۆخی سەختی مرۆیی لە سوەیدا و دەڵێ: "سوەیدا پێویستیی بە هاوکاریی مرۆیی هەیە. ماوەی 72 کاژێرە نە دەرمان، نە ئارد و نە سووتەمەنی نەگەیشتووەتە پارێزگاکە ،ئەو پێداویستییانەی لای خەڵک ماونەتەوە، ئەوانیش روو لە کەمبوونەوەن."
 
بەرپرسەکەی دروزەکان داوایەک ئاراسەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەولەتی دەکات و دەڵێ: "ئەم کۆمەڵکوژییە رابگرن، پێویستە گەمارۆی سەر سوەیدا هەڵبگیرێت و ژیانی 500 هەزار کەس بپارێزرێت."
 
رەخنەشی لە حکومەتی سووریا  گرت و گوتی: "ناکرێت بەم شێوەیە حکومەت هەوڵ بدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر سوەیدادا بسەپێنێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە