رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشێکی "تیرۆرستی" کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە سنووری پارێزگای دهۆک و هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە رۆژی سێشەممە (15)ی تەمووزی 2025 بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگی لە ناحیەی چەمانکێی سەر بە پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج.
ئەم هێرشە لە کەمتر لە 24 کاژێردا دووەم هێرشە دەکرێتە سەر کێڵگەیەکی نەوتیی هەرێمی کوردستان. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان "ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکات."
هێرشەکەی سەر کێڵگەی سەرسەنگ دوای ئەو هێرشە دێت کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، کرایە سەر کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە لە پارێزگای هەولێر.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی خوورمەڵە رایگەیاندبوو، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە، تەنیا زیان بە بۆرییە ئاوییەکانی وێستگەکە گەیشتووە."
هێرشەکەی سەر کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە نزیک کاژێر 10:00ـی شەوی دووشەممە روویدا. سەرچاوەیەکی ئەمنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێرشەکە بە دوو درۆن کراوە و لەلایەن هاوپەیمانانەوە خراونەتە خوارەوە." بەگوتەی هەمان سەرچاوە، "درۆنێکی دیکەش چووەتە ئاسمانی ناوچەکە و دواتر دیار نەماوە، پێدەچێت گەڕێندرابێتەوە شوێنی خۆی."
هاوکات، دەزگای دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە کاژێر 20:20 و 20:25ـی ئێوارەی دووشەممە، "دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خوورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ