رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئۆجەلان برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت، لە دیدارێکیدا لە ئیمراڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتویەتی، "کورد لە رۆژئاڤا هەرگیز دەستبەرداری چەک نابن، کورد ئەو ئەرکەی لەسەریان بووە جێبەجێیان کردووە"،
محەممەد ئۆجەلان لە دیمانەیەکی تایبەتدا کە لە کەناڵێکی نزیک لە پەکەکە بە ناوی "میدیا خەبەر" بڵاوکراوەتەوە دەڵێ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای پێی گوتووە، "ئێمە ئەو ئەرکەی لەسەرمان بوو جێبەجێمان کرد. کورد لە رۆژئاڤا هەرگیز ناتوانێت دەستبەرداری چەک بێت. لە بەرامبەریاندا داعش هەیە، لەلایەکیش تورکیا هەیە. پێویست بکات، هەسەدە دەتوانێت لە تەبقە کۆماری دیموکراتی سووریا رابگەیێنێت."
محەممەد ئۆجەلان هەروەها دەڵێ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای پێی گوتووە، "ئەحمەد شەڕع سەرۆکی داعشە، روون نییە سبەی چی دەکات".
نووسینگەی یاسایی سەردەم، کە تیمی پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە پێشتر لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، رۆژی دووشەممە حەوتی تەممووزی 2025 محەممەد ئۆجەلان و پارێزەر مەزڵووم دینچ، بە سەردانێکی خێزانی چوونەتە گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵی و چاویان بە ئۆجەلان کەتووە. نووسینگەکە هیچ زانیارییەکی لەبارەی نێوەڕۆکی سەردانەکە بڵاونەکردووەتەوە.
دوای بڵاوکردنەوەی ئەم قسانەی عومەر ئۆجەلان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، شاندی دەم پارتی ئیمراڵی رۆژی دووشەممە 14 ـی تەمموزی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راگەیێندراوێكی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا باسی بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵێکی ساختە لەبارەی دیداری ئیمراڵی کراوە و دەڵێت: "جگە لەو زانیارییانەی لەلایەن شاندەکەمانەوە دەخرێنەڕوو و باس دەکرێن، نابێت متمانە بە هیچ بەڵگە و زانیارییەکی شێوێندراو، یان هەر زانیارییەکی بێ بنەما بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ