رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی زێڕینی ستیڤی لەسەر ئاستی جیهان لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە، کۆنسوڵخانەی قەتەر لە هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و ئومێدی گەشەپێدان و سەرکەوتنی زیاتر بۆ رووداو دەخوازێت.
رۆژی سێشەممە، 15-8-2023، کۆنسوڵخانەی گشتیی وڵاتی قەتەر لە هەرێمی کوردستان لەرێگەی مەشعەل عەبدوڵلا ئال فهەید ئەلهاجەری، جێگری کۆنسوڵی گشتی، پیرۆزبایی بەدەستهێنانی خەڵاتی ستیڤیی لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد کە ئەمە دەقی پیرۆزباییەکەیەتی:
کۆنسوڵخانەی گشتی وڵاتی قەتەر لە هەولێر گەرمترین سڵاو لە تۆڕی میدیایی رووداو لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات.
کۆنسوڵخانەی گشتی وڵاتی قەتەر پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو و سەرجەم کارمەندانی دەکات بەبۆنەی ئەو دەستەکەوتە نێودەوڵەتییە گەورەیەی بەدەستێهێنا لە بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی بۆ باشترین کۆمپانیا بۆ ئەمساڵ دەکات، ئومێدی پێشکەوتنی زیاتر و سەرکەوتن لە گەشەپێدانی کاری رۆژنامەڤانیی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەخوازین لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی.
کۆنسوڵخانەی گشتیی وڵاتی قەتەر لە هەولێر ئەم بۆنەیە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی رێز و ستایشی خۆی دەرببڕێت.
مەشعەل عەبدوڵلا ئال فهەید ئەلهاجەری
جێگری کۆنسوڵی گشتی
بەربژێرەکان و خەڵاتەکەی رووداو
ساڵانە زیاتر لە 12 هەزار کۆمپانیا، تۆڕ و دامەزراوە لە بوارە جیاوازەکان دا لە زیاتر لە 70 وڵاتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی ستیڤی بەربژێر دەکرێن. زیاتر لە هەزار کەسی پیشەیی و شارەزای بوارەکان لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکان دا بەشدار دەبن. هەموو بەربژێرەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگێنەر ئاگاداربن و زانیاری تەواویان لەوبارەوە هەبێت.
ئەم خەڵاتکردنەی رووداو کە لەسەر بنچینەی کاریگەری هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) و (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس)، هەروەها بەهۆی فروانی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیەتی لە سۆشیاڵمیدیا و پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی دیکە. ئەمە خەڵاتە بۆ یەک بە یەکی هاوکارانی رووداو.
هەروەها هەروەک لە هەڵسەنگاندنی لیژنەی هەڵسەنگاندن دا هاتووە، لەبەر فراوانی رووماڵەکانی رووداو و دەرفەتدان بە هەمووان و بەربڵاوی بڵاوبوونەوەکەی، تۆڕی میدیایی رووداو وەک شایانی ئەو خەڵاتە دانراوە.
جگە لە بوولتەنەکانی هەواڵ، تۆڕی میدیایی رووداو ژمارەیەک بەرنامە و بڕگەی رۆژانە، هەفتانە و مانگانەی هەیە. رێباز عەلی، بەرپرسی بەشی بەرهەمهێنانی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، "لە ئامادەکردنی بڕگە و بەرنامەکاندا سەرنجمان لەسەر هەموو چین و توێژێکە. چیرۆکی تەنیا یەک کەسیش بەلامانەوە گرنگە. هەربۆیەش بەرنامەی بەرپرسیار لەسەر یەک کێشەی یەک کەسیش دەوەستێت. بڕگەی وەک ژن و پیشە، بۆ نموونە، ئاوڕدانەوەیە لە رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا بە نیشاندانی کاری تایبەتی یەک ژن."
رێباز عەلی باس لەوە دەکات کە تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرنامەکانی وەک لەگەڵ رەنج و بەرپرسیارەوە هەوڵدەدات کێشەکانی هاونیشتمانییان پێشانبدات و بەرپرسانیان لێ ئاگادار بکاتەوە؛ هەروەها لە رێگەی بەرنامەکانی وەک دکتۆر ئاراسەوە کاردەکات بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان لە بابەتەکانی پەیوەست بە تەندروستییان ئاگادار بکاتەوە.
بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، بەرنامەکانی رووداو لەسەر بنچینەی کێشە و خواستی هاونیشتمانییانە و "ئاماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پێشانی دەدەن کە هەژمار و پەیجەکانی رووداو لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە یەکەمی بێ رکابەرە. رووداو رۆژ دوای رۆژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤزیۆنیش ریکۆردی نوێ تۆمار دەکات."
بەپێی داتای کۆمپانیای مێتا، تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوودا ڤیدیۆیەکانی پەیجی فەیسبووکی رووداو لەلایەن 152 ملیۆن کەسەوە لە جیهان بینراون، 646 هەزار کەس کۆمێنتیان لەسەر بەرهەمەکانی نووسیوە و بەرهەمەکانی رۆژانە نزیکەی هەشت ملیۆن کاردانەوەیان هەبووە. لە ئینستاگرامیش بەرهەمەکانی رووداو لە هەفتەی رابردوودا گەیشتوونەتە دەستی زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار بەکارهێنەر و لە سەرەتای مانگیشەوە سەردانی بەکارهێنەران بۆ هەژماری رووداو 23٪ بەرزبووەتەوە.
ئەمە یەکەم جار نییە بەرنامە و پێشکێشکارەکانی رووداو خەڵات دەکرێن، بەڵام تۆڕی میدیایی رووداو بە بردنەوەی ئەم خەڵاتە ناوی خۆی لە لووتکەی دامەزراوە پیشەییەکانی جیهان دا تۆمارکرد، لەپاڵ گووگڵ، مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و چەندینی دیکەدا کە هەریەکەیان لە بواری خۆیدا بەهۆی سەرکەوتن و داهێنانەکانییەوە خەڵاتی ستیڤی بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ