رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دەکات و رایدەگەیێنێت، لە یادی 78 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا "پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی بەرێزتان [مەکتەبی سیاسی] و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەین".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە بە "سڵاوێکی دۆستانە" دەستپێدەکات، دەڵێت، "ئەمڕۆ کوردستان لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن و پتەوکردنی ریزەکانی هەیە لەسەر بنچیینەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، لەپێناوی چاککردن و گەشەپێدانی زیاتری حوکمڕانی هەرێم لە رێی ئاوەدانی ئیستحقاقە نەتەوەیی و مافە دەستورییەکانمان لە عێراقی فیدڕاڵدا".
هەروەها تێیدا هاتووە، "بێگومان هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستانیش دەرفەتێکی باشە بۆ نوێکردنەوەی ئەزموونی دیموکراتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان کە ئامانجی بنەڕەتی کوردایەتی و خەباتی رەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە".
سبەی هەینی، 16ـی ئاب، 78 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە، "ئومێد دەکەین ئەم یادە ببێتە فاکتەری پتەوکردنی گیانی هاوکاری و لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان گشت لایەنەکان بە هەردوو حزبیشەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ