کوردستان
ژمارەیەک کارمەند لە ئیستەنبووڵ بۆ داواکردنی مووچەی بەرزتر خۆپێشاندان دەکەن، لە ساڵی 2022. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی فەرمانبەرانی تورکیا رایگەیاند، ئەو زیادکردنەی بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان پێشنیاز کراوە کەمە، بۆیە رۆژی دووشەممە 18ی ئاب لە سەرانسەری تورکیادا بۆ ماوەی یەک رۆژ مان دەگرن.
ئەندامانی کۆنفیدراسیۆنەکە لەبارەی دانوستاندنەکانی خولی هەشتەمی رێککەوتنی بەکۆمەڵ کە فەرمانبەران و خانەنشینان دەگرێتەوە، رۆژی پێنجشەممە 14ی ئابی 2025 لە شاری ئیزمیر لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد.
رەجەب چاکماک، نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی فەرمانبەرانی تورکیا لە پارێزگای ئیزمیر رایگەیاند، ئەو پێشنیازەی زیادکردنی مووچە بە رێژەی 6+10٪ بۆ ساڵی 2026 و 4+4٪ بۆ ساڵی 2027 جێگەی قبووڵکردن نییە و گوتی: "ئەم پێشنیازە هیچ یەکێک لە چاوەڕوانییەکانی فەرمانبەر، خانەنشین و کارمەندانی کەرتی گشتی بەدیناهێنێت. ئەم پێشنیازە لەبری مێزی گفتوگۆ، بەرەو گۆڕەپانەکان پاڵمان پێوە دەنێت."
چاکماک ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی نرخی بژێوی، کرێی خانوو و دابەزینی بەرچاوی هێزی کڕین کرد و رایگەیاند، پێشنیازەکەی حکومەت بە تەواوی لە راستییەکانی بازاڕەوە دوورە.
چاکماک گوتی: "لە کاتێکدا نرخەکان لە مارکێت و بازاڕەکاندا بەردەوام بەرز دەبنەوە، خاوەنکاری گشتی بە ئامانجی خەیاڵیی هەڵاوسان پێشنیازی زیادکردنی مووچە دەکات. ئەم پێشنیازە بە جیددی وەرنەگرتنی داهاتووی ئابووریی ملیۆنان کەسە."
چاکماک باسی لەوەش کرد کە بەهۆی گرانبوونی بژێوی و بەرزیی کرێی خانوو، هیچ کەسێک نایەوێت لە شارە گەورەکان و ناوچە کەناراوەکان کار بکات و گوتی: "لە کەرتی گشتیدا جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئەو فەرمانبەرانەدا دروست بووە کە هەمان کار دەکەن و ئاستی خوێندنیان هاوشێوەیە، بەڵام سەر بە رێنمایی جیاوازن. ئەو پێشنیازەی خراوەتەڕوو، هیچ رێکارێکی تێدا نییە بۆ نەهێشتنی ئەم نادادپەروەرییانە".
نوێنەری کۆنفیدراسیۆنەکە ئاماژەی بەوەدا، بەردەوام دەبن لەو چالاکییانەی دەستیانپێکردووە و رایگەیاند، رۆژی دووشەممە لە سەرانسەری تورکیا بۆ ماوەی یەک رۆژ مان دەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ