رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە (2025/10/15)، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی تورکیا ئاگادارینامەی (NOTAM)ی لە سایتی جیهانی بڵاوکردنەوەی ئاگادارینامە ئەلەکترۆنییەکان لابرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی فڕۆکەخانەکە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکان و ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاسایی کردەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەشتیاران و هاونیشتمانیان کرد و هیوای خواست لە زووترین کاتدا، سەرجه‌م هێڵە ئاسمانییەکان خشتەی گەشتەکانیان بۆ تورکیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا و جیهان رێکبخەنەوە.
رێباز محەممەد، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 15-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ تورکیا 3ی مانگی داهاتوو دەستپێدەکەنەوە.
رێباز محەممەد گوتی، لە سەرەتاوە هەفتانە 5 گەشت دەبن، بەڵام دواتر گەشتەکان دەبنە رۆژانە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، زیانەکانی راگرتنی گەشتەکان بۆ تورکیا بە زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن.
پێنجشەممەی رابردوو 9-10-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڵبگرێ و ئەویش رەزامەندی پیشاندا.
هەمان رۆژ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو: "سوپاس و پێزانينمان بۆ به‌ڕێز ره‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆمارى توركيا دووپات ده‌كه‌ينه‌وه كه ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌كه‌يدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى دا گه‌شته ئاسمانييه‌كانى هێڵى فڕۆكه‌وانيى توركيا بۆ سلێمانى ده‌ست پێبكه‌نه‌وه و ئاسمانی خۆی به‌ڕوویدا بکاته‌وه."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات: "ئه‌م بڕياره له چوارچێوه‌ى په‌يوه‌ندييه پته‌وه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى توركيا دێت كه دڵنياين يارمه‌تيده‌ر و هاوكار ده‌بێت بۆ بره‌ودانى زياتر به هاريكاريى هاوبه‌ش و له به‌رژه‌وه‌نديى هه‌ردوولا و به‌تايبه‌تى له به‌رژه‌وه‌نديى هاووڵاتيانماندا له سنوورى سلێمانى ده‌بێت."
یەکەمجار تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023 ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەک تورکیا دەیگوت.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ