خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆری بە پارچە زەوییەک لە ناوچەکەی خۆیان قەرەبوو دەکرێنەوە

15-11-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرۆکی حکومەت رەزامەندی لەسەر پێشنیازێکی ئەوان داوە بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی کۆری لە هەولێر بە پارچە زەوییەک لە هەمان ناوچەی خۆیان، نوێنەرێکی خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆریش دەڵێت، "چاوەڕوانی تاپۆکردن و رێگەپێدانین و دوای ئەوەش دەبێت حکومەت خزمەتگوزارییەکانمان بۆ دابین بکات."
 
رۆژی سێشەممە، 15-11-2022، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندی لەسەر پێشنیازێکی ئەوان دەربڕی بە قەرەبووكردنەوەی سوودمەندانی گوندی كۆری بە تاپۆكردنی زەوییەكانیان و بەخشینیان لە هەموو باج و رسووماتێك کە لە نەخشەی گەزنە پارچە زەوییەكەیان بەناو كراوە، بەرامبەر دەستبەرداربوونیان لەو پارچە زەوییانە و بەناوكردنی پارچە زەویی دیکە لەو بەشەی پڕۆژەی گوندی كۆری، لەبەر ئەوەی بابەتەكە لە بەرژەوەندیی گشتی و كەسانی كەمدەرامەتە.
 
رۆژی سێشەممە، 15-11-2022، کاروان کەریم، یەکێک لە نوێنەرانی خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆری بە رووداوی راگەیاند: "خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆری لە هەولێر کە نزیکەی پێنج هەزار خانوو بوو و تەنیا 1200 خانوویان لێ دروستکرا، کێشەیان بۆ دروست بوو، چونکە پڕۆژەکە شکستیهێنا، ئیدی ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە قەربووکردنەوەمان لە هەمان شوێنی زەوییەکانی خۆمان، بۆیە چاوەڕوانین بە زووترین کات رێگەپێدان بۆ دروستکردنی خانوو بدرێت و دوای ئەوەش حکومەت بە زووترین کات خزمەتگوزاریی بە شوێنەکە بگەیێنێت."
 
پاش ئەوەی بە نووسراوی ژمارە (566) لە 31/8/2022 رەزامەندیی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر قەرەبووكردنەوەی زەوییەكانی گوندی كۆری درا، چەند پێشنیازێك بۆ شێوازی ئەو قەرەبووكردنەوانە خرانەڕوو، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت لەپێناو بەرژەوەندیی سوودمەندان كە خەڵكی كەمدەرامەت و شایستەن، جەختی لەسەر باشترین پێشنیاز کرایەوە، كە شایستەی ئەو هاووڵاتییانە بێت. بۆیە نووسراوێکی بە ژمارە (449) لە رێكەوتی 11/10/2022 بۆ سەرۆكایەتیی دیوانی لە ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكردەوە كە لە هەمان سنووری گوندی كۆری قەرەبوو بكرێنەوە و رێكەوتی 7/11/2022 بە نووسراوێك ئاماژە بەوە كرا كە مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر پێشنیازەكان دەربڕیوە.
 
گوندی كۆری له‌ ساڵی 2014 به‌پێی رێككه‌وتنێكی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و كۆمپانیایه‌كی كۆریای باشوور لە ھەولێر لەسه‌ر رووبه‌ری هه‌زار و 592 دۆنم زەوی، وەک هاوکارییەک بۆ کرێنشینان بڕیاری دروستکردنی درا، کە بریتیبوون لە  5 هەزار و 304 یەکەی نیشتەجێبوون، نزیکەی 1200 لەو خانووانە دابەشکران، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێک دابەشکردنی خانووەکانی دیکەی راگرت.
 
کاروان کەریم دەڵێت: ئەو بڕیارەی حکومەت کاریگەریی لەسەر ئەوان دەبێت و چەندین کەس لە کرێچێتی رزگاردەکات و دەبنە خاوەنی خانووی خۆیان، بۆیە داوا دەکات دوای ئەو هەموو ساڵە خزمەتگوزارییەکان زوو بگەیێندرێنە شوێنەکە.
 
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی دروستکردن و پێدانی شوقەی بۆ خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆری کردبوو، کە دەکەوێتە سنووری شارەوانی عەنکاوە، بەڵام رەتیانکردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە