رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فەرمانی وەزاریی تایبەت بە گواستنەوەی راژەی 14 پزیشک لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر میلاکی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان دەرکرد و بەوەش بەشێک لە کێشەکانی کۆلێژەکە چارەسەر دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دواى نیشاندانى هاوکاریی و لارى نەبوون لەلایەن وەزارەتى تەندروستى و رەزامەندى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى فەرمانى وزارى ژمارە (23125) لە 15-11-2023 دەرچوو، کە تایبەتە بە گواستنەوەى راژەى 14 پزیشک لەسەر میلاکى وەزارەتى تەندروستى- بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى تەندروستیى گەرمیان، بۆ سەر میلامى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى."
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیارى گواستنەوەى پزیشکانى میلاکى سەر بە وەزارەتى تەندروستى بۆ سەر میلاکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ هەوڵەکانى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى خوێندنى باڵا و تەندروستى گەڕاندەوە، ئەویش بە ئاراستەى چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان.
لە 25ـی 9ـی 2023ـەوە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوا دەکەن بگوازرێنەوە بۆ زانکۆکانی دیکە، چونکە زانکۆکەیان ناتوانێت زۆربەی پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، بە نموونە تاوەکو ئێستا لە سنوورەکەیان نەخۆشخانەیەکی فێرکاری نییە بۆ ئەوەی بە کرداری وانەکانیان بخوێنن. هاوکات ئەو کۆلێژە پێویستی بە گواستنەوەی راژەی 14 پزیشکە لە تەندروستیی گەرمیان بۆ کۆلێژەکە.
رۆژی یەکشەممە، 29-10-2023، شاندێکی وەزارەتى خوێندنى باڵا بە سەرۆکایەتى د.عەبدوفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکارى وەزارەت، د.ئامانج عەبدوڵڵا سەعید، راوێژکارى وەزیر، د.خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و راگرى کۆلێژى پزیشکى زانکۆی گەرمیان، سەردانى وەزارەتى تەندروستییان کرد و لەلایەن د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و د.رەهێڵ فەرەیدون، بریکارى وەزارەت پێشوازییان لێکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، "د.سامان بەرزنجی، ئامادەیى پێشانداوە بۆ دەستەبەرکردنى ستافى پێویست بۆ کۆلێژەکە لەڕێگەى گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى کۆلێژى پزیشکى و دواتریش تەنسیبکردنەوەیان بۆ سەر وەزارەتى تەندروستى بە رەچاوکردنی رێوشوێنە زانستی و کارگێڕییەکان هەروەها ئامادەییەکى وەزارەتەکەى خستەڕوو، بەتایبەت پرسی دابینکردنی ستافی ئەکادیمی و گۆڕینی پۆڵێن بەندی نەخۆشخانەکانی گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ