رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی گامێش تەپە لە ناحیەی گوێر، کەسێک دەستڕێژی گوللە لە خوشکەکەی و زاواکەی دەکات و بەهۆیەوە کچەکە دەکوژرێت و زاواکەیشی بریندار دەکات. بەگوتەی خوشكی کوڕەکە کە بۆ رووداو قسەی کردووە: باوکی کچەکە، برایەکی و مامێکی لە رووداوەکە بەشداربوون و "برای کچەکە دەستڕێژی گوللەی لە براکەم و هاوژینەکەی و دایکی کردووە."
رووداوەکە کاژێر 05:00ی ئێوارە رۆژی هەینی روویداوە. هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، "دوو هاوژینی گەنج کە ساڵ و نیوێکە هاوسەرگیریان کردبوو، ئەو رۆژە دەچنە سەر گۆڕی دایکی کچەکە، بەڵام پێشتر کەسوکاری کچەکە ناڕازیبوون بەوەی کە کچەکەیان شووی بەو کوڕە کردووە."
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، "لەو کاتەی لەسەر قەبران بوون برایەکی کچەکە و باوکی و مامێکی لە رووداوەکە بەشداربوون و دواتر برای کچەکە دەستڕێژی گوللەی لە کچ و کوڕەکە و دایکی کوڕەکە کردووە و کچەکە کوژراوە و کوڕەکەش برینداربووە."
ژیان نەجات، خوشکی کوڕەکە کە هاوژینەکەی کوژراوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ کێشەمان نەبووە و دڵخۆشبوون، براکەم و کچەکەش یەکدییان خۆشدەویست. ساڵێک و شەش مانگ بوو هیچ کێشەیەک نەبوو. پێشتریش ئێمە پارەمان دابوو بۆ ئەوەی کچەکەی ئەوان بۆ ئێمە بێت و دواتر کە رازیبوون ئەوان (براکەی و باوکی) هاتن شیرینیشیان خوارد."
خوشکی پیاوەکە دەشڵێت "کە تەقە کراوە بۆ کوشتنی دایکم، براکەم و هاوژینەکەی بووە، بەڵام گوللە لەنێو چەکەکەدا نەماوە ئەگەرنا ئەوانی دیکەشی دەکوشت."
بەگوتەی خوشکی ئەو پیاوە کە دەستڕێژی گوللەی لێکراوە، ئێستا دۆخی تەندروستی براکەی خراپە. داواش لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بکەرانی رووداوە دەستگیربکرێن.
کوڕەکە تەمەنی 19 ساڵ بووە و کچەکەش 15 ساڵ بووە کە هاوسەرگیرییان کردووە. بەگوتەی خوشکی کوڕەکە "پێشتر پیلانیان بۆ کوشتنی براکەم، براژنم و دایکم داناوە، هەروەها سکاڵای یاسایشمان تۆمارکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ