پەیامی لەیلا زانا و عوسمان بایدەمیر لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی

16-01-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، لەنێو خەڵک و سیاسەتڤانانی کوردستان دەنگدانەوەی هەبوو. لەیلا زانا دەڵێ: "هیواتان بە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەتر کرد" و عوسمان بایدەمیریش نووسیویەتی: "ماڵتان هەزار جار ئاوابێت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16.1.2025، ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە.
 
لەیلا زانا، ژنە سیاسەتڤانی باکووری کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سوپاستان دەکەم.. پیرۆز و بەردەوام بێت! پێکەوەژیانی گەلان پێوەری ئێمەیە. هیواتان بە گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەورەتر کرد."
 
هەروەها عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و سیاسەتڤان نووسیویەتی: " پیرۆز بێت.. ئەمە داواکاریی ملیۆنان کوردستانی بوو.. ماڵتان هەزار جار ئاوا بێت.. هیوامان ئەوەیە کە ئەمە بەردەوام بێت و دەرگای خێر بکاتەوە."
 
ئەم سەردانەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی مەزڵووم عەبدی، دوای سەردانێکی د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی هات بۆ رۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵیدا، کە لەو کۆبوونەوەدا بەفەرمی بانگهێشتنامەی سەرۆک بارزانی بە فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیاند.  
 
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی کردووە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە "پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە رێککەوتن." 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2025، بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە پیرمام، "سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد." 
 
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لەم دیدارەدا "بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە