رووداو دیجیتاڵ
تاڤگەی مەمەکان لەناوچە شاخاوییەکانی ناوچەی سۆما لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سەختی شوێنەکەیەوە ئەستەمە ئەگەر شاخەوان نەبیت بیگەیتێ، ئەو تاڤگەیە بە سولا خورخوڕە، سولا باژێرگە و گەلیێ سولێش ناسراوە.
گروپێکی شاخەوانی بۆ گەشتێک دەچنە تاڤگەکە تاوەکو وەکو خۆیان دەڵێن، دیمەنەکان بەچاوی خۆیان ببینن، محەممەد رەحیمی، یەکێکە لە ئەندامی گرووپی چیاگەڕ- سەڵماس دەڵێت، "ساڵانە هەزاران کەس دێنە ئێرە، ئەگەر تواناتان هەبێت جێیەکی زۆر خۆشە بۆ ژیان، بەڵام ترسناکە."
تاڤگەی مەمەکان لە هەر چوار وەرزی ساڵدا جوانی تایبەت بە خۆی هەیە. لە بەهاردا شوێنێکی سەرسەوزی پڕ ئاوە، لە هاویندا فێنکایی کوێستان و ئاو و جوانیی سرووشت تێکەڵ دەبن، لە پاییزدا تابلۆیەکی زەرد هەڵگەڕاوە و لە زستاندا بەستنی ئاوی تاڤگەکە جوانییەکی تایبەتی پێدەبەخشێت.
یەکێکە دیکە لەو شاخەوانانەی چووەتە تاڤگەی مەمەکان باس لەوە دەکات، "تایبەتمەندی هەرە دیاری ئێرە لە وەرزی زستاندا ئەوەیە ئاوەکەی دەیبەستێت، واتە یەگەر هەمووشی نەیبەشتێ، بەشێکی دەیبەستێ. گەشتیاران لە ناوچە دوورەکانەوە سەردانی ئێرە دەکەن، کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن."
تاڤگەکە دەکەوێتە نێوان شارەکانی ورمێ و سەڵماس. لە ورمێ 80 کیلۆمەتر و لە سەڵماس 40 کیلۆمەتر دوورە. لە هیچکام لەو دوو شارەوە رێگە لێنەدراوە بۆ گەیشتن بەو تاڤگەیە. ئەوانەی سەردانی دەکەن دەبێت دوو بۆ سێ کاژێر بە پێ رێگە ببڕن. لە دەورووبەری تاڤگەکەش هیچ خزمەتگوزارییەکی گەشتیاری دابین نەکراوە.
دانش محەممەدی، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی ئەورین- ورمێ رایگەیاند، "یەکێکە لە شوێنە سەرنجراکێشەکانی ناوچەکەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەباشی نەناسێنراوە، هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا گەشتیاران رووی لێدەکەن."
تاڤگەی مەمەکان 35 مەتر بەرزە. ئەو ساڵانەی بەفر زۆر ببارێت، رووی تاڤگەکە دەبێتە پارچەیەک سەهۆڵ. بە هۆی ئەوەی خەڵک کەمتر شوێنەکە پێدەزانن و بە ئاسانی ناگەن بەو تاڤگەیە، هێشتا ژینگەکەی بە دەستلێنەدراوی ماوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ