12 ساڵە پڕۆژەی شوقەی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شێخان بە تەواونەکراوی جێهێڵدراون

16-02-2025
عەدنان رەشید
یەکەی نیشتەجێبوونی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی شێخان.
یەکەی نیشتەجێبوونی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی شێخان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە 2013 پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون تایبەت بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە شێخان دەست بە دروستکردنی کران، پڕۆژەکە دوای ساڵێک کارکردن تێیدا و لە قۆناخی "هەیکەل" وەستا. قایمقامی شێخان دەڵێت: "پڕۆژەکە ئاراستەی وەبەرهێنان کراوە". وەبەرهێنانی دهۆک رەتیدەکاتەوە پڕۆژەکەوە ئاراستەی ئەوان کرابێت.
 
پڕۆژەکە لە 216 یەکەی نیشتەجێبوون و 9 تاوەر پێکدێن. دەکەوێتە سەنتەری قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک.
 
کەسوکاری خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئەوانەی ناویان بۆ یەکەکان تۆمارکردووە، ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێی تەواوکردنی پڕۆژەکەن. بەشێکیان ناویان تۆمارنەکردووە، خالیدە محەممەد، دایکی دوو خاوەن پێداویستیی تایبەتە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "لە خانووی کرێین، دوو نیڤشکانم هەن، ئەگەر شووقەم پێبدرێت ژیانمان زۆر دەگۆڕێت."
 
پەیامنێری رووداو لە سنووری دهۆک بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە و لە نزیکەوە گوتەی کەسوکاری خاوەن پێداویستیی تایبەت و قایمقامی شێخانی وەرگرتووە. سەردار یەحیا، بە ئەیووب نەسری، گوت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیەکی تێر و تەسەل لە کابینەی نۆیەم دا بڕیاری ئەوەی دا کە ئاسانکارییەک بکرێ بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، ئێستا ئاراستەی وەبەرهێنان کراوە، تاوەکو وەبەرهێنەران لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنەرانەوە داواکاریی پێشکێش بکەن و وەک وەبەرهێنەر بێن و پڕۆژەکە تەواو بکەن."
 
 
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک رەتیدەکاتەوە پڕۆژەکە ئاراستەی ئەوان کرابێت. د. هەڵگورد سدیق، بە رووداوی گوت: "پڕۆژەکە کۆنە، پێشوو و ئێستاش لای وەبەرهێنان نەبووە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە."
 
 لایەنی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نێشتەجێبکردنە، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی دهۆک، هۆکارەکەی بۆ تەرخاننەکردنی پارە و نەناردنی بودجەی پەرەپێدان دەگەڕێنێتەوە.
بەهجەت حوسێن، لە بەرپرسیار، گوتی: "بودجەی پڕۆژەکە پەرەپێدانە و لەسەر پارەی حکومەتی عێراقە و لە 2014ـەوە راگیراوە. نیوەی یەکەکان بۆ فەرمانبەرانی کەمداهات و و نیوەکەی دیکەی بۆ کەسوکاری خاوەن پێداویستیی تایبەتە، پارساڵ بەشێوەی ئۆنڵاین فۆڕم دابەشکرا."
 
 
وەک بەهجەت حوسێن ئاماژەی بۆ دەکات، دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، دووبارە پێداچوونەوە بەو ناوانە دەکرێ کە ناویان بۆ وەرگرتنی شوقە دەرچووە. "بەپێی خاڵ، داهات و رێژەی خاوەن پێداویستیی تایبەت، شوقەکان دابەش دەکرێن."
 
بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی شێخان، هۆکاری وەستانی کارکردن لە پڕۆژەکە بۆ "قەیرانی دارایی" دەگەڕێنێتەوە. جەمیل عەبدوڵڵا، لە بەرپرسیار، گوتی: "980 نیڤشکان لە سنووری شێخان مووچەی مانگانەی 150 هەزار دینار لە بەڕیوەبەرایەتییەکەمان وەردەگرن. بەشێکیان چاوەڕێی تەواوکردنی ئەو یەکانەن و بەڵگەنامەیان پێشکێشکردووە. ئێمەش بۆ تەواوکردنی ئەو یەکانە گوشارمان کردووە."
 
لە سنووری پارێزگەی دهۆک 2440 یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر بودجەی پەرەپێدانن و کارکردن تێیدا وەستاون. بەهجەت حوسێن، گوتی: "نازانین کەی دەست بەکارکردن لە پڕۆژەکە دەکرێتەوە. ئێستا بەڵێندەری پڕۆژەکە دەستی لەکارهەڵگرتووە. یەکەکانی شێخان بە دوو پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن، گوژمەی هەردوو پڕۆژەکە 11.2 ملیار دینارە و هەموو پارەکە خەرجنەکراوە. هەر کاتێک پارە تەرخان کرا دەست بەکارکردن دەکرێتەوە و دەدرێتە بەڵێندەری نوێ."
 
کارکردن لە پڕۆژەکە لە 2013 دەستیپێکرد و لە 2014 کارکردن تێیدا وەستا. پڕۆژەکە لە 216 شوقە پێکدێن و تاوەکو ئێستا 60٪ـی کارەکانی تەواوکراون.
 
بەپێی ئاماری چاودێری و کۆمەڵایەتیی شێخان، لە سنوورەکە 2500 نیڤشکان هەن. جەمیل عەبدوڵڵا، گوتی: "50٪ـی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە شێخان کرێچین و چاوەڕێی تەواوکردنی پڕۆژەکەن، پێدانی ئەو یەکانە گوزەرانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە سنوورەکەمان باشتر دەکات."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی: داهاتی نانەوتیی مانگی شوباتمان بۆ بەغدا نارد

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی ئەم ساڵ خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.