رووداو دیجیتاڵ
دەستەى گشتى گومرگى عێراق لیژنەیەک بۆ وردبینى ئەو کاڵایانە پێک دەهێنێت کە تاوەکو 1-12-2026 لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردەکراون و تاوەکو ئێستا حەواڵەى دۆلارى بانکى ناوەندییان بۆ نەکراوە. بەگوتەى بەرێوەبەری بانکێک، پارەکە 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلار دەبێت.
نووسراوی پێکهێنانی ئەو لیژنەیە لە 10ی شوباتی 2026 لەلایەن دەستەی گشتیی گومرگی عێراقەوە دەرکراوە و کۆپییەکى دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە. نووسراوەکە لەسەر بنەمای دوو نووسراوە کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 24ی کانوونی دووەم و فەرمانگەى چاودێریی بانکەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق لە 28ی هەمان مانگ ئاراستەی کردووە.
بە گوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی ناوەندی لە دەستەی گشتیی گومرگ پێکدەهێندرێ بۆ ئەوەی ئەو کاڵایانەی بەر لە 1ی کانوونی یەکەمی 2025 لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە کراون، لە مەرجی گومرگی پێشوەخت هەڵاوێرد بکرێن کە بەو هۆیەوە دۆلاریان بە نرخى فەرمى بۆ حەواڵە نەکراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو بڕیارە ئەو کاڵایانە دەگرێتەوە کە مەرجی پێشوەختەی لیستی رێپێدراوان بۆ هاوردەکردن و گرێبەستی بازرگانی کە لە لیستی کۆتایی گومرگدا هەیە دەگرێتەوە، تاوەکو نووسراوی پاڵپشتی بۆ بانکەکان بکرێت بۆ ئەوەی پارەکەیان بۆ حەواڵە بکرێ.
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی کە یەکێکە لەو بانکانەى لە رێگەیەوە دۆلارى بانکى ناوەندى بۆ بازرگانى حەواڵە دەکرێ، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیارەکە ئەو کۆمپانیایانە دەگرێتەوە کە بە قەرز لە کۆمپانیاکانى دەرەوەى وڵات کاڵایان هاوردە کردووە و پارەیان نەداوە و بارەکانیان گەیشتووە و دەبێت پارەکەی بدەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێ پارەی ئەو کۆمپانیایانە 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلار بێت.
بەگوێرەى رێکارى حکومەتى فیدراڵى کە لە یەکى کانوونى دووەمى ئەم ساڵەوە کارى پێدەکرێ، هەر کۆمپانیایەک بەشدار نەبێت لە سیستمى ئەسیکۆدا و گومرگى پێشوەختەى کاڵا هاوردەکەى نەدات، دۆلارى بە نرخى فەرمى پێنادرێت بۆ هاودەکردنى.
کاری لیژنەکە لە 10ی شوباتەوە دەستی پێکردووە و پێنج بەرپرسی دەستەی گشتیی گومرگ تێیدا ئەندامن، کە تایبەتمەندى وردبینی و دارایین لە دەستەکە.
بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی رایگەیاند: "لیژنەکە لە دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەبێت و بازرگانان مامەڵە فەرمییەکانیان بۆ دەبەن بۆ ئەوەی وردبینییان بۆ بکرێت کە بڕوانامەی وڵاتی بەرهەمهێنەر، مامەڵەی هێنانەناوەوە و پسووڵەی کاڵاکانیان دەبەن و دواى وردبینى ئەگەر رەزامەندیی بۆ وەرگیرا، رەوانەى دەروازەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل دەردەکرێ بۆ پەسندکردنی و لەوێشەوە مامەڵەکانیان رەوانەی ئەو بانکە دەکرێت کە دەبێت لێوەی دۆلاری بۆ حەواڵە بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ