رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دوێنێ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، وەکو سەرۆکی شاندی وزاریی پارتی و یەکێتی کۆبوونەتەوە.
رووداو زانیویەتی، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە و ئەمڕۆش جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی "ئەرێنی بووە و لێکنزیکبوونەوەی باش هەیە."
سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەکات
رووداو زانیویەتی، بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە و سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکە دەکات.
هەر بەپێی زانیارییەکان، رۆژانی داهاتوو جارێکی دیکە سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی دەکات و کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی دەکەن.
رۆژی 11-02-2026 سەرۆک بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆماری عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
پارتی و یەکێتی بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم هەیە و ئەوەش وایکردووە، ئەو کابینەیە تاوەکو ئێستا پێکنەهێندرێت.
هەروەها 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن بۆ بوونە سەرۆککۆمار، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ