رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان، نرخی گۆشتی سوور بەرزبووەتەوە. بەگوتەی گۆشتفرۆشان و بازرگانانی ئاژەڵ، هۆکارەکەی داخستنی رێگەی سووریایە بەڕووی هاوردەکردنی ئاژەڵدا.
کیلۆیەک گۆشتی بەرخ و کاوڕ لە سلێمانی 24 هەزار دینارە و لە هەولێر دەگاتە 23 هەزار دینار، لەکاتێکدا پێشتر 19 بۆ 20 هەزار دینار بووە. هاوکات کیلۆیەک گۆشتی گوێرەکە لە 16 هەزار دینارەوە گەیشتووەتە 20 هەزار دینار، هەروەها بەرخ و کاوڕ بە زیندەقەپان کیلۆیان لە 7 هەزار و 250 دینارەوە گەیشتووە بە نزیکەی 10 هەزار دینار.
حەسەن خەیلانی، بازرگانی ئاژەڵ و فرۆشیاری گۆشت لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرخ و کاوڕ بە زیندەقەپان کیلۆی بووەتە 10 هەزار دینار، ماوەیەک پێش ئێستا 7 هەزار و 250 دینار بوو".
بەگوتەی حەسەن خەیلانی، ئەمڕۆ کیلۆیەک گۆشتی کاوڕ و بەرخ بە کۆ دەدرێتە 20 هەزار دینار و لە بازاڕەکاندا بە 22 بۆ 23 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان. گوتیشی: "ئەو گۆشتەی ئەمڕۆ بە کۆ 20 هەزارە، پێشتر بە کەمتر لە 18 هەزار دینار بوو".
ئەو بازرگانەی ئاژەڵ و گۆشت ئاماژەی بەوەشکرد، "نرخی کیلۆیەک گۆشتی نەرمەی گوێرەکە گەیشتووەتە 21 بۆ 22 هەزار دینار، لەکاتێکدا پێشتر 16 هەزار دینار بووە، بەڵام گوێرەکەی هیندی نرخی هەرزانترە".
لەبارەی هۆکارەکەیەوە، حەسەن خەیلانی گوتی: "هاوردەکردنی ئاژەڵ لە سووریاوە راگیراوە و لە ئێرانیشەوە رێگە بە هاوردەکردن نادرێ، بەرهەمی نێوخۆش زۆر کەمە، ئەوانە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانن".
نەجمەدین عەلی، گۆشتفرۆش لە سلێمانی، بە رووداوی گوت: "نرخی ئاژەڵ لە سەرچاوەکەیەوە گران بووە و بێگومان لای ئێمەش نرخی بەرز بووەتەوە، کە ئەمڕۆ کیلۆیەک گۆشت بە 24 هەزار دینارە".
ئەو گۆشتفرۆشەی سلێمانی گوتی: "نرخی نەرمەی گوێرەکە ئەمڕۆ کیلۆی بە 20 هەزار دینارە".
نەجمەدین عەلی ئاماژەی بەوە کرد، "گرانبوونی نرخ بۆ ئێمەش خراپە، چونکە خەڵک کەم دەکڕێ، ئێستا زۆرینەی کڕیارەکانم بە نیو کیلۆ گۆشت دەکڕن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ