رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک، کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو، تێیدا رێکخەری گشتی و 55 ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران و ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە لە هۆڵی کۆنگرە چوونە دەرەوە و رایانگەیاند، "رێکخەری گشتیی نییە و رێکخەری باڵی کوردساتە".
رێبەند ئەحمەد، ئەندامی کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دانا ئەحمەد مەجید، بە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکەمان هەڵبژێردرا".
رێبەند ئەحمەد گوتی: "55 ئەندام بۆ جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردران، کۆنفرانسیش بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆن بەڕێوەچوو".
رێبەند ئەحمەد گوتی: "ئێمە [ئاراستەی کوردسات] ژمارەی ئەندامەکانمان 491 دەنگ بوو، لایەنی بەرامبەر [گردی زەرگەتە] پێش کشانەوەیان 291 دەنگ بوون".
لە کاتی دەنگدا، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان هۆڵی کۆنفرانسەکەیان جێهێشت. عەبدولوەهاب ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان [ئاراستەی گردی زەرگەتە] بە رووداوی گوت: "کاک دانا رێکخەری باڵی کوردساتە نەوەکو رێکخەری گشتی و بە هیچ شێوەیەک بە رێکخەری گشتیی نازانین، باڵی کوردسات بە چەپڵە رێزان و بەبێ ژمارەی یاسایی ئامادەبووان هەڵیان بژاردووە".
ئەو بەرپرسەی گۆڕان کە لە ئاراستەی گردی زەرگەتەیە گوتی: "کاک دانا پێشووتر پارێزگاری سلێمانی بووە و دۆسیەی لەسەرە و بە ئامادەنەبوون سزا دراوە، بۆیە یاساش رێگە نادا رێکخەری گشتی بێت".
عەبدولوەهاب ئەحمەد گوتی: "ئێمە کۆی پڕۆسەکە رەتدەکەینەوە و بە نایاسایی دەزانین، بەڵگەشمان لایە کە لە کۆنفرانسەکەدا حیزبێکی دەسەڵات هاوکاریی کردوون و کۆمیسیۆنیش لایەنگیریی کردوون، چەندین ئەندامی مەڵبەند و کۆمیتە [ی یەکێتی] ئەمڕۆ لە کۆنفراسدا بەشداربوون".
بۆ کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆ، 2 هەزار و 132 کەس کە ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی بزووتنەوەکە ناویان لە بەغدا تۆمار کردبوو مافی بەشداربوونیان هەبوو، بەڵام بەشێکیان لەو حیزبە نەماون، یان بە هۆکاری دیکە ئامادە نەبوون.
پێش کۆنفرانس، کێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ هەردوو ئاراستەکە پێکەوە چوونە هۆڵی کۆنگرە.
بزووتنەوەی گۆڕان ئاراستەی گردی زەرگەتە دژی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی بوون لە کۆنفرانس، ئاراستەی کوردساتیش رایانگەیاند، "مەرجی کۆمیسیۆنە لە کۆنفرانس رێکخەری گشتی هەڵبژێردرێت".
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان پێکەوە و بە جیاش ساڵی رابردوو کۆنفرانسیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان لە بەدەستهێنانی رەزامەندی کۆمیسیۆن و خاوەنداریکردنی فەرمیی جووڵانەوەکە سەرکەوتوو نەبوون.
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی هاوبەشی لە شاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتی کرد؛ ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسێکی بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێنەدرا.
بەگوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ