رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان گرژی لەنێوان شیرین ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لەنێو هۆڵی پەرلەمان دروستبوو. شیرین ئەمین پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێت: لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رێگەی چوونە ناو هۆڵی پەرلەمانی پێنەدراوە.
لەبارەی هۆکاری روودانی گرژییەکە شیرین ئەمین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە قسەکانمدا گوتم پاڵەوانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی 2007 لەسەر دەستی ئاسایشی گشتیی یەکێتی ئازادکرا، رۆژنامەکەم بەرزکردەوە، کە فڕۆکەوانەکە خۆی لە رۆژنامەی رۆژنامەدا دەڵێت: 'من رام نەکردووە و بە فەرمانی تاڵەبانی ئازادکراوم'، لە ئەنجامی ئەمەدا لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتییەوە بەژن و پیاوەوە بە دەبەی ئاو و پەلامار هێرشکرایە سەرم، بەڵام لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنە جیاوازەکانەوە پارێزرام."
دوای ئەو رووداوە شیرین ئەمین رێگری لێکرا لە چوونە نێو پەرلەمانی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە لەوبارەیەوە رایگەیاند: "لەکاتی قسەکردندا لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی هێرشکرایە سەرم، سەرۆکی پەرلەمانیش بەپێی ماددە 57ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رێگەی چوونەژوورەوەی هۆڵی پەرلەمانی پێنەدام، لەکاتێکدا سێ بڕگەی دیکەی ئەو ماددەیە هەبوون دەبوو بەسەر مندا جێبەجێی بکردایە و ئینجا پەنای بۆ بڕگەی چوارەم ببردایە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شیرین ئەمین ئاماژەی بەوە دا: "سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناتوانێت راستەوخۆ رێگری لە پەرلەمانتارێک، چونکە بڕگەی یەکەم و دووەم و سێیەمی ماددەی 57ـی بەسەرما جێبەجێ نەکردووە"، هەروەها دەشڵێت: "کاتێك من قسەکانم کرد، لەلایەن پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتییەوە هێرش کرایە سەرم".
لەکاتی قسەکردن لە نێو هۆڵی پەرلەماندا، شیرین ئەمین باسی ئەوەی کردووە کە بەشێک لە خێزانەکەی ئەنفالکراوە و گوتی: "لە سەرەتای قسەکانم باسی خۆمم کرد وەکو کەسوکاری ئەنفالێک، کە گوتوومە لە تەمەنی شەش مانگیدا بە دەستی جاش و مستەشارەکان ئەنفالکراوین. هەر ئێستا ئەو جاش و مستەشارانە لە ریزی پێشەوەی حکومەت و حزب و دەسەڵاتەوەن، هەر ئەوان ئێستا لەژێر ناوی دیکە ئێمە ئەنفال دەکەنەوە، 'کاوە'کان لەپێناوی گوتنی راستیدا تیرۆر دەکەن."
لەبارەی گرژییەکانی نێو هۆڵی پەرلەمان هیچ پەرلەمانتارێکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.
ماددەی 57ی پەیڕەوی ناوخۆی پەلەمانی کوردستان، کە 17/7/2018 هەموارکراوە، تێیدا هاتووە:
ماددە57 : ئەگەر لەکاتی دانیشتنی پەرلەماندا، هەر سەرپێچییەک، لەلایەن هەر ئەندامێکەوە بکرێت، کە دەشێ کاربکاتە سەر بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە، یان ئاخاوتنی نەشیاوی بەرامبەر پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی و یان هەر یەکێک لە ئەندامان لێ ببیسترێت، سەرۆک بەم شێوەیە رەفتاری لەگەڵ دەکات:
یەکەم: بەبیر ئەندامەکە دێنێتەوە کە رێکوپێکی دانیشتنەکە بپارێزێت.
دووەم: ئەگەر پابەند نەبوو هەر بەردەوام بوو، سەرۆک وریایی (تنبیە) دەکاتەوە.
سێیەم: لە کاتی بەرکارهێنانی زمانی زبردا، ئەوا وریاکردنەوەکە سڕینەوەی ئاخاوتنەکانیشی لە پڕۆتۆکۆل لەگەڵدا دەبێت.
چوارەم: ئەگەر ئەمجارەش پابەند نەبوو بەردەوام بوو، سەرۆک دەتوانێت لە دانیشتنەکەدا، بێبەشی بکات.
پێنجەم: لەکاتی پێویستدا، سەرۆک دەتوانێت دانیشتنەکە هەڵبگرێت یان دوای بخات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ