نامە بۆ 81 شارەوانیی باکووری کوردستان و تورکیا دەنێردرێت گرنگی بە زمانی کوردی بدەن

16-04-2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حەرەکەتی زمانی کوردی-حەزکورد، نامە بۆ 81 شارەوانیی باکووری کوردستان و تورکیا دەنێرێت بۆ ئەوەی بایەخ بە زمانی کوردی بدەن. گەورە شارەوانیی ئامەدیش داشکاندنی باج بۆ ئەو شوێنانە دەکات کە تابلۆکانیان دەکەنە کوردی.
 
دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا، هەوڵی زۆرتر بۆ بایەخدان بە زمانی کوردی دەدرێت. سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی کە 82 شارەوانییان بردووەتەوە، بە رووداوی گوت: "کار بۆ لابردنی قەدەخەی زمانی کوردی لە دامەزراوە فەرمییەکان دەکەین. ناوی کوردیش بۆ شەقام و کۆڵانەکان دەگەڕێنینەوە."
 
بەشێکی پارتەکانی تورکیا لەگەڵ بە فەرمیبوونی زمانی کوردیدا نین. محەممەد ئەمین، پەرلەمانتاری پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی-دەڤا، بە رووداوی گوت، لەگەڵ ئەوە نین ئەمە لە دەستووردا جێگیر بکرێت، "بەڵام لەگەڵ ئەوەداین لە قوتابخانەکان کوردی بخوێندرێت."
 
شارەوانییەکان دەتوانن کۆرسی زمانی کوردی بکەنەوە، بەڵام ناتوانن کوردی بخەنە بەرنامەی خوێندنەوە. ئەمین ئای، گوتەبێژی دەستپێشخەریی مامۆستایانی زمانی کوردی لە مێردین، بە رووداوی گوت: "شارەوانیی مێردین بەڵێنیداوە 100٪ گرنگی بە زمانی کوردی بدەن. ئەویش بەوەی ئەو قوتابخانە کوردییانەی پێشتر قەیووم دایانخستبوون بکرێنەوە، پەرتووکی کوردی چاپ بکرێن و ناوەندە کوردییە داخراوەکان بکرێنەوە."
 
سڕینەوەی ئاسەوارەکانی قەیووم لە باکووری کوردستان "کارێکی ئاسان نییە". بە گوتەی محەممەد سەعید تەمەل، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەحمەدی خانی، جگە لەوەش، لە هەمواری دەستووردا کە لە کارنامەی ئاکپارتی دایە، "گۆڕانکاری لە پرسی زماندا ناکرێت".
 
گەورەشارەوانیی ئامەد هەڵمەتێکی بۆ نووسینی تابلۆ بە کوردی دەستپێکردووە. باجی کەمتریش لەوانە وەردەگرن کە تابلۆکانیان بە کرمانجی و زازاکی دەنووسن.
 
پێشنیاز دەکرێت بەڕێوەبەرایەتیی زمان و کولتوور لە شارەوانییەکانی باکوور بکرێنەوە. سامی تان، سەرۆکی کۆمەڵەی زمانی کوردی لە رووها، کە پێشنیازەکەی کردووە، پێیوایە دەبێ "بایەخ بە کۆنسێرت و شانۆی کوردی بدرێت، ئەو کارمەندانە دابمەزرێنن کە بە کوردییەکی پاراو دەنووسن و دەخوێننەوە".
 
31 چاپخانە و وەشانخانەی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا هەن. قاهیر باتەیی، خاوەنی چاپخانەیەکە لە شاری وان، گلەیی دەکات کە بایەخ بە زمانی کوردی نادرێ و ستراتیژێک بۆ پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی نییە، دەڵێت، "نەوەی ئێستا بە زمانی تورکی قسە دەکەن. رێگریش لە چاپخانە و وەشانخانە کوردییەکان دەکرێت."
 
ئامارێکی فەرمیی نییە چەند کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا دەژین، بەڵام مەزندە دەکرێت زیاتر لە 20 ملیۆن بن. لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا تورکی زمانی فەرمییە.
 
لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت.
 
ئەم هەواڵە بە هاوبەشی لەلایەن عەدنان، هەوار و سۆزا ئامادە کراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."