رووداو دیجیتاڵ
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی وێبی پیرۆزبایی لە رووداو و تیمی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمی کۆرۆوای دەکات و دەڵێت، سەرنجی جیهانتان بۆ کارێکی گەورەیی میدیایی راکێشا.
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو، بووە براوەی خەڵاتی وێبی، لە کاتێکدا لەنێو براوەی خەڵاتەکان لە ساڵانی پێشوو هەریەکە لە کۆمپانیای گووگڵ، ناسا، نیویۆرک تایمز، بی بی سی، ئەپڵ، فەیسبووک، ئینستاگرام، یوتیوب، تیکتۆک، نێتفلیکس، سناپچات و چەندین کۆمپانیا و دامەزراوەی دیکەی پێشەنگی جیهانی هەن.
ئەم ساڵیش رووداو رکابەریی سی ئێن ئێن و بلۆمبێرگی دەکرد و سەرکەوتوو بوو. رۆژی 14ـی ئایاری 2024 لە نیویۆرک خەڵاتەکەی وەرگرت.
ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە رووداو دەکات و دەڵێ: "پیرۆزبایی لە تیمی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمی کۆرۆوای، رۆژ عەلی زاڵە، پێشکێشکار و بەیار حەکیم، کامێرامان و دەرهێنەر دەکەین، کە توانیان سەرنجی جیهان بۆ کارێکی گەورەیی میدیایی رابکێشن."
هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیامی نەقیبی سەندیکاکەدا هاتووە و پیرۆزبایی وەرگرتنی خەڵاتە لە بەڕێوەبەران و میدیاکارانی رووداو کردووە.
خەڵاتی وێبی یەکێکە لە بەنێوبانگترین خەڵاتەکانی جیهان، رووداو دەبێتە یەکەمین دەزگای میدیایی لە کوردستان و عێراق ئەو خەڵاتە وەربگرێت، هەروەها دەبێتە دووەمین دەزگای میدیایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بەدرێژایی 28 ساڵی تەمەنی رێکخراوی وێبی ئەم خەڵاتە وەربگرێت.
خەڵاتەکانی وێبی پێوەرێکن بۆ دیاریکردنی لەپێشترینەکان لە ئینتەرنێت دا و، باشترینەکانی بواری چیرۆکگێڕانەوە و میدیای دیجیتاڵی.
بەپێی کلەیر گرەیڤسی، سەرۆکی رێکخراوی خەڵاتی وێبی ئەم ساڵ 13 هەزار ئەکتەر، فیلم و بەڵگەفیلم لە 70 وڵاتی جیهانەوە، هەوڵیاندا بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی وێبی لە بوارە جۆراو جۆرەکان دا و، رووداو یەکێک لەو خەڵاتانەی بردەوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ