رووداو دیجیتاڵ
باران و تەرزەی ئەم ساڵ زیانی بە بەشێکی باخەوانانی پارێزگاکانی هەڵەبجە و دهۆک گەیاندووە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، باخەکانیان سەلامەتن، بەڵام زیان بەر پەتاتە کەوتووە و رزیون. بەرپرسانی کشتوکاڵ لە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووکیش دەڵێن زیانیان نییە.
ئەم ساڵ لە مانگەکانی چوار و پێنجدا وێڕای بارینی تەرزە، چەند تاوەبارانێکی بەهێز باری. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و دهۆک زیان بە بەرهەمی قەیسی، هەڵووژە، قۆخ، شووتی، تەماتە و خەیار کەوتووە. هەروەها لە تەواوی باشووری کوردستان دروێنەی گەنمی دواخستووە.
کشتوکاڵی هەڵەبجە: بەرهەمی بەشێکی باخەکان دەبێتە نیوە
ساڵانە سەتان تۆن میوەی جیاواز لە باخەکانی پارێزگای هەڵەبجە پێدەگات و دەنێردرێتە بازاڕەکان. ئەم ساڵ تەرزە زیانی بە بەشێکی باخەوان، جووتیار و باخەکانیان گەیاندووە.
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ تەرزە زیانی بە بەشێکی بەرهەمی باخداری سنوورەکەمان گەیاند، بەتایبەت بە قۆخ، قەیسی و هەڵووژە".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو باخانەی تەرزەی ئەم ساڵ لێیداون بەرهەمی قەیسی، قۆخ و میوەیان بۆ نیوە کەم دەىێتەوە".
ستار مەحموود گوتی: "دواکەوتنی بارانی ئەم وەرزە زیانی بە بەشیکی سەوزەمەنی گەیاند، وەک تەماتە، شووتی و خەیار و بەشێکی لەنێوچوو، بەڵام زیانەکان گەورە نەبوون، چونکە جووتیاران دووبارە بەرهەمەکەیان چاندەوە و کات مابوو".
کشتوکاڵی دهۆک: میوە کەم دەبێتەوە
هاوشێوەی هەڵەبجە، بارانی بەهێز و بڕی زۆری، زیانی بە بەشێکی باخەکانی پارێزگای دهۆک گەیاندووە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ دەڵێ: "زیان بە میوەی سنوورەکەمان گەیشتووە و هەموو بەرهەمێک کەم دەبێتەوە و بووەتەوە".
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆریی باران بەرهەمی قۆخ، هەڵووژە، قەیسی و باهیڤ (چەقەلە)ـی بە رێژەی بەرچاو کەمکردووەتەوە".
ئەحمەد جەمیل دەڵێت: "ساڵانی رابردوو لەم کاتەدا کیلۆیەک قەیسی خۆماڵی دوو هەزار دینار بوو، ئەم ساڵ چونکە بەرهەمەکە کەمە کیلۆی هەشت هەزار دینارە".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، زۆرینەی زیانەکان کاتێک بەر باخەکان کەوتوون، کە گوڵیان کردووە و پێش پێگەیشتن گوڵەکانیان لەنێوچوون.
کشتوکاڵی هەولێر: بارزانی زۆر پەتاتەی رزاندووە
لە سنووری پارێزگای هەولێر زیان بەر باخی میوە نەکەوتووە یان کەم بووە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سنوورەکە باسی دەکات، ئەوانیش لە بڕی زۆریی باران زیانیان بەرکەوتووە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ سەرمای زۆر نەبووە تاوەکو بڵێین زیانی بە بەرهەمی باخەکان گەیاندووە، بەڵام زۆری باران بووە هۆکاری دواخستنی بەرهەمی باخداری لە سنوورەکەمان".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی: "بارانی زۆری ئەم ساڵ زیانی بە پەتاتە گەیاندووە، ئەو پەتاتانەی لە زەوی چاڵ و نزمدا چێندراون زیانی زۆریان بەرکەوتووە و رزیون".
کشتوکاڵەکانی سلێمانی و کەرکووک: زیانمان نییە
بەرپرسانی هەردوو پارێزگای کەرکووک و سلێمانی دەڵێن، جیاواز لە پارێزگاکانی دیکە، ئەوان لە زۆریی بارانباران سوودیان وەرگرتووە و زیانیان نەبووە.
جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو دوێنێ نوێترین زانیاریمان هەبووە کە سەرما و بارانی ئەم ساڵ هیچ زیانی بە کەرتی باخداری سنوورەکەمان نەگەیاندووە".
دوێنێ رەشەبایەکی بەهێز سلێمانی و دەوروبەری گرتەوە، بەهۆیەوە چەند دارێک لەنێو شارەکەدا شکانەوە. جووتیار خالید گوتی: "تاوەکو ئێستا زانیاریمان لەسەر رەشەباکەی دوێنی پێنەگەییوە، کە زیانی بە باخداری گەیاندووە یان نا".
هەروەها د. نسار عەبدولقادر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کشتوکاڵی کەرکووک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ بەهۆی بارانەوە هیچ زیانێک بەر دانەوێڵە و بەرهەمی باخداری سنوورەکەمان نەگەیشتووە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کشتوکاڵی کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، لە سنوورەکەیان بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە دروێنەی گەنم دواکەوتووە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، بەڵام زیان زیانیان بەرنەکەوتووە.
ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆدا هاوردەکردنی قەدەخە دەکرێ، یان باج دەخرێتە سەر هاوردەکردنی، ئەویش بەئامانجی ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیار و باخەوانەکانی کوردستان.
ئەم وەرزەی بارین لە زۆرینەی باشووری کوردستان دوو بۆ سێ هێندەی وەرزی بارینی پێشوو باران باریوە.
جیاواز لە بەرهەمی باخەکان، بە گوتەی بەرپرسانی کشتوکاڵ لە پارێزگاکانی باشووری کوردستان، ئەم ساڵ بەهۆی بڕی زۆریی بارانەوە دروێنەی دانەوێڵە دواکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ