رووداو دیجیتاڵ
لە حاجی ئۆمەرانی سنووری پارێزگای هەولێر رووفاتی سێ کوژراوی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران دۆزرانەوە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر لەکاتی کێڵانی زەویەکی کشتوکاڵی ئێسک و پروسکی سێ کەس دۆزراوەتەوە و بەگوێرەی ئەو مەدالیانەی لەگەڵ رووفاتەکان دۆزراونەتەوە دەردەکەوێت ئێسک و پروسکی سێ سەربازی سوپای عراقن و لەکاتی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران لەو ناوچەیە کوژراون.
عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران بە رووداوی گوت: "وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستانمان لە دۆزینەوەی ئەو رووفاتانە ئاگادار کردووەتەوە و ئەوانیش لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغداد ئاگادار دەکەنەوە."
مەدالیاکان ناو، ئایین و گرووپی خوێنیان لەسەرە؛ یەکێکیان لە مەدالیاکان ناوی مووسا یونس وەهەبی لەسەرە و گرووپی خوێنی (O+)ـە. یەکێکی دیکەیان ناوی سادق محەممەد مستەفایە و گرووپی خوێنەکەیشی هەر (O+)ـە.
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران دەڵێت، ئێسک و پروسکەکان لای ئەوان پارێزراون و بەگوێرەی مەدالیایەک کە لەگەڵ ئێسکەکان دۆزراوەتەوە دەردەکەوێت رووفاتەکان سەربازانی عێراقن و لە شەڕە سەختەکانی ئەو سنوورە لەنێوان ساڵانی 1983 بۆ 1988 کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ