قیرکردنی دووسایدی رانیە – دووکان دەستیپێکرد و مانگی 7 بەشێکی دەکرێتەوە

52 خولەک له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارکردن لە رێگەی دووسایدی رانیە – دووکان لە پارێزگای سلێمانی بەردەوامە. کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، مانگی 7 بەشێکی رێگەکە رادەستی حکومەت دەکەن.
 
پڕۆژەکە ناوی رێگەی (دووکان - چوارقوڕنە)یە، سەرەتای ساڵی 2009 بەردی بناخەی دانرا، بڕیاربوو پڕۆژەکە بە سێ قۆناخ لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە جێبەجێ بکرێ، بەڵام یەک قۆناخیان تەواوکرا و پڕۆژەکە راگیرا، ئەیلوولی 2025 دەستیپێکردەوە.
 
ئەندازیار محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای گەردین کە جێبەجێکاری پڕۆژەکەن، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی مدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بارانەوە کارەکانمان خاوبوون، بەڵام چەند رۆژێکە بە چڕی کارکردنمان دەستپێکردووەتەوە."
 
رێگەکە سترایژیییە، جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و قەزای دووکان، بۆ هاتووچۆی نێوان هەولێر و سلێمانیش بەکاردەهێندرێت.
 
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، "قیرکردنمان دەستپێکردووە، زیاتر لە کیلۆمەترێک چینی یەکەمی قیرکراوە و سەرقاڵی چینی دووەمین، دەمانەوێ تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 50%ی پڕۆژەکە تەواو بکەین."
 
محەممەد ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، پلانیان وایە تاوەکو کۆتایی تەمموزی ئەم ساڵ، 11 کیلۆمەتری رێگەکە بە تەواوکراوی رادەستی حکومەتی بکەن، کە لە سماقووڵییەوە دەستیپێدەکات تاوەکو چێشتخانەکانی کانی وەتمان.
 
هەموو رێگەکە 53 کیلۆمەتر و نیوە؛ ساڵانی رابردوو 18 کیلۆمەتر و نیوی لەلایەن هەمان کۆمپانیاوە تەواو کراوە و ئەوەی لەم قۆناخەدا ماوەتەوە 35 کیلۆمەترە.
 
بەڕێوەبەری پڕۆژەی دووسایدکردنی دووکان – رانیە گوتی، ئەگەر ئەمساڵ وەرزی بارین درەنگ دەستپێبکات، تاوەکو مانگی 11 تەواو کردنی دووسایدەکە لە دیوی رانیەوە دەگەیێننە ناحیەی خەلەکان.
 
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی (دووکان - چوارقوڕنە) دەبێتە رێگەی سەرەکی نێوان سلێمانی- رانیە، پێشتر رێگەی سلێمانی بۆ قەزای دووکان کراوە بە دووساید، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیەش، رێگەکە لە رانیەوە بۆ سلێمانی دەبێتە دوو ساید.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی نوێژکردن لەسەر دووان لە قوربانییەکان

لە دووکان و سلێمانی هەورەبرووسکە سێ کەس دەکوژێت؛ پێشمەرگە و شوانێک لەنێو قوربانییەکاندان

دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، بەهۆی شەپۆلێکی هەورەبرووسکەوە لە سنووری قەزای دووکان و پارێزگای سلێمانی، سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە دوانیان باوک و کوڕێکن و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.