رووداو - سلێمانی
پارکی مەلیک مەحموود لە ساڵی 2004 لەسەر رووبەری 45 دۆنم دەست بە دروستکردنی کراوە و لە ساڵی 2007 کراوەتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی پشتگوێخستن و خزمەت نەکردنەوە خەریکە بەتەواوی وشک دەبێت و سیمای پارکی نەماوە.
چیمەنی پارکەکە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی قومە ئاوێک دەکات کە تەڕایی و ژیانی بۆ بگەڕێنێتەوە، بۆیە بەشێک لە چیمەنەکانی ئێرە بەتەواوی وشک بوون، بەشێک لە دارەکانیش خەریکە لەناودەچن و نەمامەکانیش لە سەرەتای تەمەنیانەوە بەرەو کۆتاییهاتنی ژیانیان دەچن. زۆرینەی خزمەتگوزارییەکانی دیکە و پرۆژەی ئاو و یاریی منداڵان و کەپرەکان و رووناکی شەوان کە بڕیاربوو پێش 13 ساڵ بۆی بکرێت، هێشتا تەواو نەکراوە.
پارکەکە لە باکووری سلێمانی هەڵکەوتووە و دەڕوانێت بەسەر تەواوی شاردا. دانا محەممەد، یاریدەدەری سەرپەرشتیاری پارکی مەلیک مەحموود نیگەرانە لەوەی دوای 15 ساڵ لە کارکردنی لە پارکەکە، خەریکە بەهۆی خزمەت نەکردنەوە بەرەو لەناوچوون دەچێت.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 12 پارک و 480 باخ و باخچە هەن، بەڵام بەشێکیان لەلایەن شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانەوە خزمەتکراون، بەشێکیشیان لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما بەهۆی درەنگ دابەشکردنی ئاو و دابینکردنی تانکەری ئاوی ئەهلییەوە وشک بوون، کە ئەوەش گلەیی شارەوانیی سلێمانییە لە وەزارەتی دارایی.
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "ئەمساڵ لە مانگی کانوونی دووەمەوە، داواکاریمان داوە بە وەزارەتی دارایی و شارەوانی بۆ بەکرێگرتنی ژمارەیەک تانکەری ئاو بۆ دابەشکردنی ئاو، بەڵام وەڵامی داواکارییەکەمان لە کۆتایی مانگی حوزەیران دراوەتەوە و بەهۆی تەندەرپێدانی کۆمپانیاکانیشەوە دابەشکردنی ئاو بۆسەر باخچەکان چووەتە ناوەڕاستی مانگی تەممووز، بۆیە زۆرینەی باخچەکان لەم دوو هەفتەی گەرمایە وشک دەبن، بە پارکی مەلیک مەحموودیشەوە".
زیاد کاکە رەزا، جێگری سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزاریی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "حەیفە پارکی مەلیکی کوردستان بەو شێوەیە بێت و ئەمساڵیش بەهۆی کۆرۆناوە نەیانتوانیوە چاودێریی و خزمەتگوزاری باخچە و پارکەکان بکەن، دەبێت وەزارەتی دارایی هەموو ساڵێک پێش هاتنی وەرزی گەرما بودجەی پێویست دابین بکات بۆ خزمەتکردنی ئەو باخچانە یاخود سەرجەم باخ و پارکەکان بیری ئیرتیوازی تایبەتیان بۆ لێبدرێت، بۆئەوەی پێویستیان بە ئاوی دیکە نەبێت".
پێشتر ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان بە خێزانی دەچوونە پارکەکە، بەڵام ئێستا کەمترین کەس رووی تێدەکات بەهۆی بێخزمەتییەوە و ئەگەر ئەم بێخزمەتییەش بەردەوامبێت ئەوا پارکەکە بەتەواوی لەناودەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ