سەندیکای کرێکارانی هەولێر: دەبوو کەمترین مووچەی کرێکاران 600 هەزار دینار بێ

16-08-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
حەسەن رەمەزان، بەرپرسی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران
حەسەن رەمەزان، بەرپرسی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەندیکای کرێکارانی هەولێر دەڵێ، بەشێوەی مەیدانی چاودێریی جێبەجێکردنی یاسای زیادکردنی کەمترین مووچە دەکەن.
 
حەسەن رەمەزان، بەرپرسی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران رایگەیاند، رەوشی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە باش نییە و گوتی: "رەوشی کرێکاران کەی باش بووە؟ هەمیشە کەم کەس هەبووە رەچاوی ماف و ژیانی کرێکار بکات، مەبەستم خاوەنکارەکانە. هەرچەندە هەنگاوی باش نراون، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییەی هەیە، ناتوانین بڵێین رەوشیان باشە."
 
کەمترین مووچە هەنگاوێکی باشە، بەڵام بەس نییە
 
سەبارەت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانە بە 450 هەزار دینار و رۆژانە 15 هەزار دینار، حەسەن رەمەزان گوتی: "ئەمە دەستکەوتێکی باشە. پێشتر کەمترین مووچە 350 هەزار دینار بوو، ئێستا 100 هەزار دیناری زیادی کردووە. بەپێی بڕیارەکە، نابێت هیچ کرێکارێک لە هەر شوێنێک کار بکات، مووچەکەی لە 450 هەزار دینار کەمتر بێ."
 
لەگەڵ ئەوەشدا، حەسەن رەمەزان ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان چاوەڕوانی زیاتریان هەبوو و گوتی: "ئێمە وەک سەندیکا پێمان وابوو دەبوو کەمترین مووچە 600 هەزار دینار بێ. کرێکاران کە زۆربەیان کرێچین، بە 450 هەزار دینار چۆن دەتوانن کرێی خانوو، پارەی ئاو و کارەبا و خەرجییەکانی ژیانی رۆژانەی دابین بکەن، بەتایبەتی کە نرخی زۆربەی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بازاڕدا گرانە؟"
 
ئەو بەرپرسەی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران دەڵێت: "بۆیە پێمان وابوو 600 هەزار دینار بڕێکی گونجاوترە، بەڵام زیادکردنی بۆ 450 هەزار دیناریش هەر هەنگاوێکی زۆر باشە."
 
قسەکانی حەسەن رەمەزان لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ شەممەی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشكێشی کرد.
 
یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی قسەکانی حەسەن رەمەزان، جێبەجێکردنی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی بوو. 
 
حەسەن رەمەزان گوتی، لیژنە هاوبەشەکان دەستیان بە کار کردووە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و گوتی: "خۆشبەختانە جێبەجێکردنی یاساکە دەستی پێکردووە. نزیکەی 10 لیژنەی هاوبەش کە نوێنەرانی وەزارەتی کار، سەندیکای کرێکاران و ژوورە بازرگانییەکانییان تێدایە، دەستیان بە گەڕانی مەیدانی بۆ شوێنکارەکان کردووە".
 
بەرپرسی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران گوتی: "ئەرکی [لیژنەکان] دڵنیابوونەوەیە لەوەی کرێکاران دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ دەکرێ و مووچەیان لە 450 هەزار دینار کەمتر نییە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە کۆمپانیا و پڕۆژە گەورەکاندا ئاسانترە، بەڵام ئەو کرێکارانەی خاوەنکاریان دیار نییە یان لە شوێنی نافەرمی کاردەکەن، زۆرجار لەم مافانەیان بێبەش دەبن.
 
رۆڵی سەندیکا و ژمارەی ئەندامان
 
لەبارەی ئەوەی ئەگەر خاوەنکارێک پابەندی بڕیارەکان نەبوو، سەندیکا چی دەکات، حەسەن رەمەزان گوتی: "ئێمە دادگای کارمان هەیە و دەرگای سەندیکا کراوەیە بۆ وەرگرتنی سکاڵا".
 
حەسەن رەمەزان گوتیشی: "لە رێگەی لیژنەکانمانەوە سەردانی مەیدانی دەکەین و هەر سەرپێچییەک ببینین، رێکاری یاسایی دەگرینەبەر. هاوکات لەگەڵ وەزارەتی کار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هاوئاهەنگیی بەردەوامداین و زۆرجاریش بە گفتوگۆی دۆستانە کێشەکان چارەسەر دەکەین."
 
بە گوتەی حەسەن رەمەزان، "لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران نزیکەی 18 هەزار ئەندامی هەیە"، بەڵام ئەو ژمارەیە بە بەشێکی کەمی کرێکارانی سنوورەکە دادەنێ و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "کرێکار بەهۆی ماندووبوونی جەستەیی و هزرییەوە، زیاتر بیری لای دابینکردنی بژێویی ژیانییەتی نەوەک کاری رێکخراوەیی."
 
بەرپرسەکەی سەندیکای کرێکاران جەختی لەسەر ئامانجە ستراتیژییەکانی سەندیکا کردەوە کە بریتییە لە "پاراستنی بەرهەمی نێوخۆ، گەشەپێدانی ئابووری و داکۆکیکردن لە مافی کرێکاری ناوخۆیی" کە بەپێی یاسا دەبێت رێژەی 75%ی هێزی کار لە پڕۆژەکاندا پێکبهێنن.
 
5ی ئابی 2025 وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەسەر راسپاردەی نووسینگەی بەرێز سەرۆکوەزیران، رەزامەندی درا کە نابێ کرێی کرێکاری ناکارامە لە مانگێکدا 450 هەزار دینار کەمتر بێت." 
 
رۆژی 7-8-2025، مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی لیژنەیەکی پسپۆڕ بە بەشداریی نوێنەری وەزارەتی پلاندانان، ژوورە بازرگانییەکان و سەندیکای کرێکاران پێکهات، تاوتوێی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان، گوزەرانی کرێکاران و توانای خاوەنکاران کرا."
 
بە گوتەی مەریوان بەگۆک، لیژنەکە "هەڵسەنگاندنی بۆ کەمترین ئاستی کرێ لە وڵاتانی دەوروبەر وەک تورکیا، ئێران و ئوردن کرد و دواتر گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە لە دۆخی ئێستا بڕی 450 هەزار دینار وەک کەمترین مووچەی مانگانە بۆ کرێکارێکی ناکارامە گونجاوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.