رووداو دیجیتاڵ
500 مامۆستای ئایینیی هەرێمی کوردستان نامەیەک ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی وڵاتانی ئیسلامی و رای گشتیی جیهان دەکەن و داوا دەکەن هێرشەکانی سەر کەرتی غەززەی فەلەستین رابگیرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتیوانیی روون و راشکاوی بۆ گەلی فەلەستین و غەززە دەرببڕێت و دەڵێن: "بۆ دەمداخستنی ئەو کەسانەی کە دەڵێن کورد لەگەڵ جووەکان هاوسۆزن ئەو هەوڵێستە نیشاندەدەین."
500 مامۆستای ئایینیی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان راگەێیندراوێکیان لەبارەی رووداوەکانی فەلەستین و غەززە و شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بڵاوکردەوە و تێیدا پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین دەکەن و هاوسۆزیی بۆ دانیشتووانی غەززەش دەردەبڕن، لە راگەێیندراوەکەدا کە ئاڕاستەی چەندین وڵات و رێکخراوی جیهانی و دامەزراوە کراوە، هاتووە، "رژێمی زایۆنی لە بۆردوومانی هەڕەمەکی و وەحشییانەی بۆ سەر شاری غەززە و دەوروبەری و ناوچەکانی دیکە لە فەلەستین و لوبنان بەردەوامە، هەموومان بینیمان و دەبینین کە چی بەسەر خۆشەویستماناندا لە غەززە لە بۆردومانکردنی شارەکانیان و وێرانکردنی مزگەوت و رووخانی نەخۆشخانە و قوتابخانەکانیاندا دێت، لەگەڵ کوشتنی منداڵ و ئافرەت و پیریان، دوژمنی تاوانبار بە فڕۆکەی سەربازی بەبێ جیاوازی و بە قورسترین چەکی قەدەخەکراو لێیاندەدات."
هەروەها هاتووە: "سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە لە دژی براکانمان دەکرێت، پشتیوانیکردنی دانیشتووانی غەززە لە پێویست پێویستترە، چونکە ئێمە نەوەی سەڵاحەدینی ئەیووبی، رزگارکاری قودسی پیرۆزین لە دەستی جووەکان."
ئەو مامۆستا ئایینییانە دەڵێن، کورد و گەلی فەلەستین دوو گەلی ستەملێکراون و یەک دۆزیان هەیە، هاوکات سەرکۆنەی ئەو پشتیوانییەی هەندێک وڵات دەکەن لە ئیسرائیل و دەڵێن: "داوا لە جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی دەکەین بە زووترین کات ئەو کوشتن و دەربەدەرکردنە بەکۆمەڵەی دانیشتووانی ستەملێکراوی غەززەی خوێناوی رابگرن و هەوڵبدەن ئەو تاوانانەی داگیرکاری ئیسرائیلی و ماسۆنی بوەستێنن بۆ ئەوەی گڕی ئەو شەڕە هەموو جیهان نەگرێتەوە."
لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، "داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەفەرمی و راشکاوی پشتیوانی لە گەلی فەلەستین بەگشتی و غەززە بەتایبەت بکات، چونکە جگە لە ئەرکی شەرعی، کارێکی مرۆڤانەیە و یەکڕیزیە لەگەڵ جیهانی ئیسلامی و موسوڵمانان."
بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەروو هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و لانیکەم سێ هەزار و 400 کەس برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا لانیکەم دوو هەزار و 750 کەس لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون و نۆ هەزار و 700 کەسی دیکە بریندار بوون، 54 کەسیش لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون و هەزار و 114 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ