سەرۆک بارزانی: جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکیی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق

16-11-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی جەخت لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور دەکاتەوە و دەڵێت، "جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکیی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق".
 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و رایگەیاند، "سەرەڕای ئاستەنگەکان، پارتی بە متمانەی گەلی کوردستان توانی سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات". قۆناخی دوای هەڵبژاردنی بە "گرنگ" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بەجیدی کار بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور بکەن.
 
کۆبوونەوەکە لە پیرمام کرا. سەرۆک بارزانی گوتی، بۆ پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکیی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق. 
 
گوتیشی: "ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، لای ئێمە خاڵی گرنگ ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک بڕوای بە فیدراڵی تەواو هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها بڕوای بە جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو بڕگانەی لە دەستووردا هاتوون و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەسەر بنەمای دەستوور دەرکراون هەبێت کە تائێستا جێبەجێنەکراون، وەکو یاسای ئەنجوومەنی ئیتیحادی و یاسای نەوت و گاز. هەر کەس و لایەنێک پابەندبێت بە جێبەجێکردنی دەستوور نزیکترین کەس و لایەن دەبێت لە ئێمە و لە هەرێمی کوردستان."
 
نێوخۆی کوردستان و یەکڕیزیی کورد لە بەغدا
 
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئێمە هەموو نەرمییەکمان نواند، پێشتریش رامانگەیاندبوو مەرج نییە ئەو هەلومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت، بەڵام گرنگە دەرگاکانی گفتوگۆ کراوەبن تا بتوانین بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین."
 
لەسەر پرسی یەکڕیزیی کورد لە بەغدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، بنەمای یەکڕیزیی کورد لە بەغدا ئەوەیە: "باوەڕێکی هاوبەشمان هەبێت لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بابەتی فیدراڵییەت و پابەندبوونی بەغدا بە تەواوی بڕگەکانی دەستوور."
 
دەقی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی:
 
رۆژی یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز عرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
 
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو سەرکەوتنە مەزنەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستی هێنا کە زیاتربوو لە یەک ملیۆن دەنگ. هەروەها هیوای خواست کە پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردن لە عێراق رێچکەی خۆی بگرێت لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێکی فیدڕاڵی بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان.
 
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی بەڕێز باڵیۆزی بریتانیای کرد و رایگەیاند کە سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە بۆ پارتی دروستکران، بەڵام بە متمانەی بەهێزی گەلی کوردستان، پارتی توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت. هەروەها سەرۆک بارزانی قۆناخی دوای هەڵبژاردنی بە گرنگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور، هەموو لایەنە سیاسییەکان بە جددی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن و لێکنزیک ببنەوە و ئەزموون لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن. 
 
هەروەها سەرۆک بارزانی رایگەیاند، پەیوەست بە پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، لای ئێمە خالی گرنگ ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک بڕوای بە فیدڕاڵی تەواو هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها بڕاویان بە جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو برگانەی لە دەستووردا هاتوون و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەسەر بنەمای دەستوور دەرکراون هەبێت کە تا ئێستا جێبەجێنەکراون، وەکو یاسای ئەنجوومەنی ئیتحادی و یاسای نەوت و گاز. هەر کەس و لایەنێک پابەندبێت بەجێبەجێکردنی دەستوور نزیکترین کەس و لایەن دەبێت لە ئێمە و لە هەرێمی کوردستان.
 
پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئێمە هەموو نەرمییەکمان نواند، پێشتریش ڕامانگەیاندبوو کە مەرج نییە ئەو هەڵومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت، بەڵام گرنگە دەرگاکانی گفتوگۆ کراوەبن تا بتوانین بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین. لەسەر پرسی یەکڕیزی کورد لە بەغدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بنەمای یەکڕیزیی کورد لە بەغدا ئەوەیە کە باوەڕێکی هاوبەشمان هەبێت لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بابەتی فیدڕالییەت و پابەندبوونی بەغدا بە تەواوی بڕگەکانی دەستوور.
 
پەیوەندییەکانی نێوان بریتانیا لەگەل هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون، هەردوولا هاوڕابوون لە گرنگی بەردەوامی ئەو پەیوەندییانە و بەرەوپێشبردنی لە هەموو بوارەکاندا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە