پارێزگاری شرنەخ: ساڵی داهاتوو بەرهەمی نەوت دەگەیێنینە 25 هەزار بەرمیل لە رۆژیکدا

16-12-2022
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
عوسمان بیلگین، پارێزگاری شرنەخ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد
عوسمان بیلگین، پارێزگاری شرنەخ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عوسمان بیلگین، پارێزگاری شرنەخ لە ناوچەی گابارەوە رایگەیاند، ساڵی داهاتوو 12 بیری نەوت لە گابار لێدەدرێت و چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی رۆژانە 25 هەزار بەرمیل بێت.
 
دوای ئەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس سەردانی چیای گاباری لە سنووری پارێزگای شرنەخ کرد، عوسمان بیلگین، پارێزگاری شرنەخ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد کە عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادە بوو. پارێزگاری شرنەخ باسی لە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە دەرهێنانی نەوت لە ناوچەکە کرد. 
 
پارێزگاری شرنەخ گوتی، لە ئاییندەدا دەرهێنانی نەوت زیاتر دەکەن و چەندین پڕۆژەی دیکەشیان دەبێت کە سوودیان بۆ خەڵکی ناوچەکە دەبێت. 
 
لەبارەی گابار، عوسمان بیلگین گوتی، لە ماوەیەکی نزیکدا بیری ژمارە شەشیش کارا دەکەن و راشیگەیاند، ئێستا لە پێنج بیردا پێنج هەزار و 350 بەرمیل نەوت دەردەهێنن کە کوالێتییەکەی بەرزترینە لەسەر ئاستی تورکیا.
 
سەبارەت بە یەدەگی گشتیی تورکیا، عوسمان بیلگین گوتی: "ئێمە بۆ ساڵی داهاتوو باس لە 25 هەزار بەرمیل لە رۆژێک دەکەین، بەڵام لەگەڵ هەوڵ و کارکردنی زیاتر دەکرێ ئەمە گۆڕانکاری بەسەردابێت. یەدەگی ئێستامان 250 ملیۆن بەرمیلە، بەڵام ئەوەی دەتوانرێ بەرهەم بهێنرێت 150 ملیۆن بەرمیلە".
 
بەپێی پلانەکانی وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا، ساڵی داهاتوو تەنیا لە گابار 12 بیر لێدەدرێن بۆئەوەی نەوتیان تێدا بەرهەم بهێندرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە