بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی گومرگی سووریا بۆ رووداو: باجی هاتن و چوون لە دەروازەی سێمالکا هەڵوەشێندرایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نالین حەسەن
نالین حەسەن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەستەی گشتیی دەروازەکان و گومرگی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، مەرزی سێمالکا خراوەتە سەر بازنەی بەرپرسیارێتیی ئەوان و رێکارەکان یەکخراون، هەروەها بڕیاردراوە ئەو پارەیەی پێشتر لە گەشتیاران لەکاتی هاتن و چوون وەردەگیرا، هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
مازن عەلووش، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازەکان و گومرگی سووریا لە وەڵامی پرسیارەکانی نالین حەسەن، پێشكێشکاری رووداودا باسی لەوە کرد، گواستنەوەی دەروازەی سێمالکا بۆ ژێر کارگێڕیی ئەوان بە واتەی "نێودەوڵەتیکردنی دەروازەکە" نایەت، بەڵکو بۆ رێکخستنەوەی کارەکانە بەپێی ئەو چوارچێوەیەی لە هەموو دەروازەکانی سووریادا پەیڕەو دەکرێ.
 
عەلووش ئاماژەی بەوەش کرد، کارگێڕییەکی نوێ بۆ مەرزەکە دەستبەکاربووە و ئێستا نزیکەی 200 فەرمانبەر کاری تێدا دەکەن، بەڵام پرۆسەی رێکخستنەوەی کارگێڕی بەردەوامە. سەبارەت بە پردی سێمالکاش کە بەهۆی لافاوەوە زیانی بەرکەوتبوو، باسی لەوە کرد کە لە ماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەدا چاک دەکرێتەوە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ مازن عەلووش:
 
رووداو: دوای ئەوەی راتانگەیاند دەروازەی سێمالکا بە فەرمی بەستراوەتەوە بە سیستمی کارەکەتان، ئایا ئەمە بەو واتەیە دێت کە دەروازەکە بووەتە دەروازەیەکی نێودەوڵەتیی ناسێندراو بەپێی پێوەرە کارگێڕییەکانی ئێوە؟
 
مازن عەلووش: نەخێر، ئەمە بە واتەی گۆڕینی بۆ دەروازەیەکی نێودەوڵەتی نایەت، بەڵکو تەنیا خستنە نێو سیستمی کاری دەستەکەیە، بە مەبەستی یەکخستنی رێکارەکان و رێکخستنی کارەکان بەپێی ئەو چوارچێوەیەی لە هەموو دەروازەکانی کۆماری عەرەبیی سووریادا پەیڕەو دەکرێ.
 
رووداو: ئایا کارگێڕییەکی نوێ بۆ دەروازەکە دیاری کراوە کە راستەوخۆ سەر بە دەستەکە بێت یان پشت بە کارمەندە کۆنەکان دەبەسترێ و لەنێو سیستمە نوێیەکەدا جێیان دەکرێتەوە؟ ژمارەی ئەو هێزە مرۆییەی ئێستا دەروازەکە بەڕێوە دەبەن چەندە؟
 
مازن عەلووش: بەڵێ، کارگێڕییەکی نوێ کە سەر بە دەستەی گشتیی دەروازەکان و گومرگە، دەستبەکار بووە و سەرپەرشتیارانی هەموو بەشەکان و بەڕێوەبەری دەروازەکە دیاری کراون. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەک لە کارمەندە کۆنەکانمان هێشتوونەتەوە بۆ ئەوەی کارەکان بەردەوام بن و پەکیان نەکەوێ، چ لە بەڕێوەبردنی هاتنی کاڵا و چ لە جوڵەی گەشتیاران. سەبارەت بە هێزی مرۆیی، سیستمی پێشوو پشتی بە نێردراوانی چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی جیاواز دەبەست، ئێستا هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ کارمەندەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بەپێی لێهاتوویی و شارەزایی دابەش بکرێنەوە. ژمارەی فەرمانبەرانی ئێستا نزیکەی 200 کەس دەبێت، بەڵام پرۆسەی رێکخستنەوە بەردەوامە.
 
رووداو: سەبارەت بەو هاووڵاتییە سووریاییانەی کە دەروازەکە بۆ سەردانی کەسوکاریان لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن. ئایا گۆڕانکاری بەسەر سیستمی سەردانەکان هاتووە؟ ئایا بەرەو ئەوە دەچن ڤیزە یان رێکاری نوێ بسەپێنن؟
 
مازن عەلووش: بۆ هاووڵاتیانی سووریا، هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرنامەی سەردانەکان نەکراوە، بەڵکو چەند رێکارێکی ئەرێنی گیراونەتەبەر، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە پێشتر لە کاتی هاتن و چووندا لە هاووڵاتییان وەردەگیرا. بۆ کەسانی ناسووریایی، پێویستە لە دەروازەکە ڤیزە وەربگرن. سەبارەت بە رێکخراوەکان و رۆژنامەڤانان بۆ نێو پارێزگای حەسەکە، هیچ گۆڕانکارییەک لە میکانیزمی هاتنیاندا نەکراوە. هەروەها کارمەندی کاروباری گەشتیاران وەک خۆیەتی، بەڵام خولی راهێنانیان بۆ دەکرێتەوە بۆ باشترکردنی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ گەشتیاران.
 
رووداو: مەترسییەک هەیە لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخ دوای ئەوەی کە دەروازەکە خرایە ژێر کارگێڕیی دەستەی گشتی، وەڵامتان چییە بۆ ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن پێناسەی گومرگی دوو هێندە دەبێت؟
 
مازن عەلووش: ئەم مەترسییانە لە زانیاریی نادروستەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەوەی روویداوە جێبەجێکردنی پێناسەی گومرگیی یەکگرتووە کە لە هەموو دەروازەکانی سووریادا جێبەجێ دەکرێت. لۆژیکی نییە دەروازەیەک لە دەرەوەی ئەو سیستمە بمێنێتەوە.
 
رووداو: ئەو پێوەرانە چین کە بۆ دیاریکردنی نرخی گومرگی پەیڕەو دەکرێن؟ ئایا هیچ جیاکارییەک بۆ پێداویستییە سەرەکییەکان هەیە؟
 
مازن عەلووش: ئەو پێوەرانەی پەسندکراون لەسەر ئاستی سووریا یەکگرتوون. هیچ جیاکارییەک لە نێوان پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە، یان دەروازەیەک بۆ دەروازەیەکی دیکە نییە. پێناسەی گومرگی یەکە و هیچ هەڵاوێردنێکی تایبەت نییە.
 
رووداو: سەبارەت بەو پردە سەرئاوکەوتووەی کە بەهۆی لافاوەوە زیانی بەرکەوتووە، کەی دەست دەکرێت بە چاککردنەوەی و کەی بە تەواوی دەکەوێتەوە گەڕ؟
 
مازن عەلووش: ئێستا کارەکانی چاککردنەوە بۆ ئەو پارچانەی زیانیان بەرکەوتووە بەردەوامە، هەروەها کار لەسەر چاککردنی ئەو گۆڕەپانەش دەکرێ کە بەهۆی لافاوەکەوە تێکچووە. پێشبینی دەکەین لە ماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەی دیکە بەوپەڕی تواناوە کارکردن لەسەر پردەکە دەستپێبکاتەوە، بە پشتیوانیی خودا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

نێچیرڤان بارزانی و لوئیجی دی مایۆ جەخت لە گرنگی هاوئاهەنگی بەردەوام دەکەنەوە بۆ چەسپاندنی ئاسایش

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەڕاوێزی کۆڕبەندی ئەنتاڵیا، لەگەڵ لوئیجی دی مایۆ، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری کەنداو کۆبووەوە.