رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێ، بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە سنووری پارێزگای هەولێر.
ئەمڕۆ هەینی 17-04-2026 کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند، "نزیکەی کاژێر 10:30ی ئەمشەو، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی گردەچاڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر."
بە گوتەی کاوە بەهرامی، هێرشەکە تەنیا زیانی مادیی هەبووە.
ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوتیشی، "شوێنی کەوتنی درۆنەکان نزیک بوو لە یەکەوە و ماڵی خەڵکی سڤیلی بە ئامانج گرتووە."
کەمپی گردەچاڵ لە سنووری هەولێر کە لە ساڵی 2009 دروستکراوە، کەسوکاری بەشێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی تێدا نیشتەجێن.
هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک هێرش کرایە سەر هێز و کەمپەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری هەولێر.
ئێوارەی ئەمڕۆ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "هێرشی درۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان شەهید و برینداری لێ کەوتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی، بە مووشەک و درۆن شەپۆلێکی نوێی هێرشی کردەوە سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. بەو هۆیەوە باوک و کوڕێک شەهید و بریندار بوون. لەو پەلامارەدا شاهین ئازەربەرزین، شەهید بووە و نادر ئازەربەرزین، باوکی شاهین بە سەختی بریندار بووە."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "هەروەها لە هێرشێکی دیکە بۆ سەر پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزب دوو پێشمەرگەی کچ بە ناوەکانی نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە بریندار بوون."
بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان تەنیا دوێنێ، پێنج هێرش کراوەتە سەر چەند ناوچەیەکی جیاواز لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
هەرچەندە ئێستا ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران راگەیێندراوە، بەڵام هێرشەکان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ