کوردستان
وێنەی ساتی پێشوازی کردنی بافڵ تاڵەبانی لە مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە رێککەوتی 17-05-2026، مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەردانی دەباشانی کرد و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، لەو دیدارەدا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو "دەستپێشخەرییەکی نیشتمانی و گشتگیری بە ئامانجی دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە چەقبەستووەی ئێستا و رەخساندنی زەمینەی تەبایی و گفتوگۆ پێشکێشی سەرۆکی یەکێتی کردووە."
سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین بە بافڵ تاڵەبانی گوتوو، "درێژەکێشانی ئەم چەقبەستووییە زیانی گەورە بە قەوارەی هەرێم دەگەیێنێت لەو دەرفەت و تەحەدییانەی لەبەردەمدان و پێویستە هەمووان بە دیدگایەکی بەرپرسیارانە هاوکار بن."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پێزانین و بایەخێکی زۆرەوە لەم هەنگاوە خەمخۆرانەیەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی روانی و پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرخستنی دەستپێشخەرییەکە دەربڕی.
"وەک یەکەم کاردانەوەی ئەرێنی و فەرمی بۆ بەدەمەوەچوونی پەیامەکەی مامۆستا سەڵاحەدین، بڕیاری دا کە لە ئەمڕۆوە تەواوی دەزگا میدیاییەکانی یەکێتی پابەند بکرێن بە هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و راگرتنی هەر هێرش و شەڕێکی راگەیاندن کە زیان بە تەبایی سیاسی دەگەیێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ