رووداو دیجیتاڵ
سبەی جووتیارانی سنووری پارێزگای کەرکووک دژی وەرنەگرتنی گەنمی بەشێکیان بە نرخی پاڵپشتیکراو گردبوونەوەی ناڕەزایی دەکەن. نونەرێکیان دەڵێ، "ئەو گەنمەی بە نرخی کەم وەردەگیرێ بەرهەمی کورد و تورکمانە".
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی گوندی تۆپزاوە لە سنووری کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشبینی دەکەین گەنمی سنوورەکەمان یەک ملیۆن تۆن بێ، بەڵام حکومەتی عێراق تەنیا 400 هەزار تۆنی لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی وەردەگرێت".
ئەو گەنمەی حکومەت لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی وەردەگرێت، تۆنی 700 هەزار دینار دەداتە جووتیارەکە، بەڵام ئەوەی لە دەرەوەی پلان بێ، تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگرێتەوە.
ئەو نوێنەرەی جووتیاران لە سنووری کەرکووک گوتی: "ئەو زەوییەی تاپۆ یان گرێبەستی کارای نەبێ نەخراوەتە پلانی کشتوکاڵییەوە، زەویی جووتیارانی کوردیش بەهۆی عەرەبی هاوردەوە هەموویان کێشەی یاساییان بۆ دروستکراوە، بۆیە ئەو گەنمەی نەخراوەتە پلانەوە زۆرینەی هی کوردە و بەشێکیشی گەنمی تورکمانە".
ساتع ناسیح گوتی: "ساڵانی پێشوو گەنمی ئێمەش بە هەمان پارەی ئەو گەنمە وەردەگیرا لەنێو پلاندا بوو، ئیستاش دەمانەوێ بە هەمان بڕیار گەنمەکان لێوەربگرن".
جووتیارانی کەرکووک لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاندووە: "سەرباری ماندووبوون و رەنجی شەو و رۆژ بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکی ئەم نیشتمانە، ئەنجوومەنی وەزیران[ـی عێراق] بڕیارێکی نادادپەروەرانەی دەرکردووە بە کەمکردنەوەی نرخی کڕینەوەی گەنم بۆ 500 هەزار دینار بۆ ئەو زەویانەی کە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین".
لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە جووتیاران کراوە، سبەی کاژێر 10:00ـی بەیانی لە گوندی تۆپزاوا بەشداری لە گردبوونەوەی ناڕەزایی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ