نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە نامۆ فازڵ دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە نامۆ فازل، یاریزانی هونەرە جەنگییە تێکەڵاوەکان دەکات. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت: "دەستخۆشی و پیرۆزبایيەکی گەرم لە پاڵەوانی نێودەوڵەتی، گەنجی به‌تواناى كورد نامۆ فازڵ دەکەم بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە یاریی هونەرە جەنگییە تێکەڵاوەکان(MMA)دا لە ئەمه‌ریکا بەدەستی هێنا. هیوای بەردەوامی و سەرکه‌وتنی زیاتری بۆ دەخوازم."
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، نامۆ فازڵ، لە یارییەکەی MMAدا لە شاری لۆسەنجلسی ئەمریکا، بە ئاڵای کوردستانەوە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. 
 
نامۆ لەنێو هۆڵی "ئینتویت دۆم" رووبەڕووی جەیک بابیانی رکابەرە ئەمریکییەکەی بووەوە. لە گەڕی یەکەمدا، بابیان زۆر هێرشبەرانە دەستی پێکرد و بە لێدانی بەهێز گوشاری بۆسەر نامۆ دروستکرد، بەڵام هاونیشتمانییەکە بە تەکتیک و خۆڕاگرییەکی زۆرەوە بەرگەی هێرشەکانی گرت.
 
وەرچەرخانە گەورەکە لە گەڕی دووەمدا روویدا. لە چرکەی 58ی ئەم گەڕەدا نامۆ فازل بە زیرەکییەکی زۆر جڵەوی یارییەکەی گرتە دەست و بە تەکنیکێکی سەخت کە بە "ئەناکۆندا چۆک" ناسراوە، ملی رکابەرە ئەمریکییەکەی گرت. بابیان بەرگەی ئەو گوشارە تووندەی نەگرت و پێش ئەوەی زیانی پێ بگات، بە دەست ئاماژەی دا و خۆی بەدەستەوە دا.
 
ئەم تەکنیکەی نامۆ بەکاریهێنا، ناوی لە ماری "ئەناکۆندا"وە هاتووە، چونکە بە هەمان شێوەی مارەکە گەمارۆی ملی رکابەرەکەی دەدات تاوەکو ناچاری دەکات خۆی بەدەستەوە بدات.
 
بەو سەرکەوتنە، ئێستا نامۆ فازڵ خاوەنی تۆمارێکی زۆر بەهێزە. ئەو هاونیشتمانییە 10 سەرکەوتنی هەیە و تەنیا 1 جار دۆڕاوە. ئەم دەستکەوتە گەورەیە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە نێتفلێکس بڵاوکرایەوە، رێگەی بۆ نامۆ خۆش کرد تاوەکو لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ریزی پێشەوەی جەنگاوەرە جیهانییەکانی UFCدا ببینرێت.
 
ئەم سەرکەوتنە مێژووییە لە نێو هاواری "کوردستان، کوردستان"ی بێژەر و ئامادەبوواندا تۆمار کرا. ئێستا نامۆ فازڵ وەک یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی یارییەکانی MMA لە ئەمریکا ناوی دەهێنرێ و توانیویەتی جارێکی دیکە ناوی کورد لە نێو ناوەندە وەرزشییە جیهانییەکاندا بەرز بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنمی جووتیاران. وێنە: بڵند تاهیر-رووداو

جووتیارانی کورد و تورکمان بەهۆی کێشەی یاسایی لە زەوییەکانیان گەنمیان بە نرخی کەمتر لێوەردەگرێت

سبەی جووتیارانی سنووری پارێزگای کەرکووک دژی وەرنەگرتنی گەنمی بەشێکیان بە نرخی پاڵپشتیکراو گردبوونەوەی ناڕەزایی دەکەن. نونەرێکیان دەڵێ، "ئەو گەنمەی بە نرخی کەم وەردەگیرێ بەرهەمی کورد و تورکمانە".