رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای چەمچەماڵ، پێشمەرگەیەک بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)، مووچەکەی لە نێو کارتە بانکییەکەیدا بڕدراوە بەبێ ئەوەی پارەکەی وەرگرتبێت و دەڵێت: نەبوونی ئامێری ATMی بانکی بەغداد لە شارەکە زۆرجار کێشەی بۆ دروستکردوون.
ئاژوان یاسین، پێشمەرگە لە لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە رادیۆی رووداوی گوت: "مووچەکەم لەسەر بانکی بەغدادە؛ لەبەر نەبوونی ATM لە چەمچەماڵ و تەکیە، هەموو مانگێک ناچارین لە ئامێری بانکەکانی دیکە مووچەکانمان رابکێشین، کاتێک ویستم لە ATMی بانکی جیهان پارە رابکێشم، ئامێرەکە پارەکەی پێ نەدام، بەڵام کاتێک سەیرم کرد، هەموو پارەکەی نێو کارتەکەم بڕدرابوو و هیچ پارەیەکی تێدا نەماوە."
ئاژوان یاسین دەڵێت، ئەمڕۆ چوونەتە بانکەکە بە مەبەستی ئەنجامدانی مامەڵەی یاسایی بۆ گەڕاندنەوەی مووچەکەی.
سەبارەت بەم کێشەیە، بەشی پەیوەندییەکانی بانکی بەغداد (Call Center) بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە کاتی بوونی هەر گرفتێکی تەکنیکی لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)، بڕە پارەکە رادەگیرێت و 'حیجز'ی دەخرێتەسەر، بەڵام بۆ گەڕاندنەوەی، پێویستە هاوبەشی بانکەکە سەردانی لقەکەیان بکات و فۆرمێکی تایبەت بە ناوی (فۆرمی پەڵپگرتن - اعتراض) پڕ بکاتەوە.
بەگوێرەی بانکی بەغداد، دوای پڕکردنەوەی فۆرمەکە، داواکارییەکە بۆ بەغداد دەنێردرێت و پاش وردبینیکردن، پارەکە دەگەڕێتەوە سەر هەژماری کەسەکە.
ئەو پێشمەرگەیە دەڵیت، پێشتر جارێکی دیکە تووشی هەمان گرفت بووەتەوە، بەڵام دوای 10 رۆژ مووچەکەی گەڕاوەتەوە سەر هەژمارەکەی، بۆیە داواکارە کە ئامێری ATMی بانکی بەغدا لە چەمچەماڵ دابنرێت.
سەبارەت بە ماوەی گەڕانەوەی پارەکە، بانکەکە ئاماژە بەوە دەکات کاتێک کێشەکە لە ئامێری ATMی بانکەکانی دیکەی نێو پرۆژەی (هەژماری من) روویدابێت، رەنگە پڕۆسەی گەڕانەوەی پارەکە دوو هەفتە بخایێنێت، بەڵام ئەگەر لە ئامێرەکانی بانکی بەغداد بێت، هەوڵدەدرێت بە زووترین کات و لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا پارەکە بۆ مووچەخۆرەکە بگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ