رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ڤاتیکان و لەگەڵ پاپا لیۆی 14یەم، پاپای ڤاتیکان و رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان کۆدەبێتەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە چوارچێوەی سەردانەکهیدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئیتاڵی و دەوڵەتی ڤاتیکان کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیتاڵیا و ڤاتیکان، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە، لەگەڵ چەندین پرسی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ دهکهن.
د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان دەبێت و لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم کۆدەبێتەوە."
د. نووری عوسمان گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئیتاڵیاش کۆدەبێتەوە.
لەبارەی ئامانجی سەردانەکە، سەرۆکی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، سەردانەکە فەرمییە و مەبەست لێی "پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانە."
هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڤاتیکان و ئیتاڵیا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ