شاهێدی و سوێندخواردنی بە درۆ بۆ پارە، بەشێکە لە دیمەنی نێو دادگاکان لە هەرێمی کوردستان.

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
دادگە
دادگە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاهێدی و سوێندخواردنی بە درۆ بۆ پارە، بووەتە بەشێک لە دیمەنی نێو دادگاکان لە هەرێمی کوردستان. بڕی پارەکەش بەپێی جۆری کەیسەکان لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە هەزاران دۆلار.
 
رێبوار، کە ناوێکی خوازراوە، لە ماوەی دوو ساڵ دا سێ جار شاهێدیی ناڕاستی بەرامبەر بە وەرگرتنی پارە داوە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە پارەی وەرگیراو بەگوێرەی کەیسەکان کەم و زیاد دەکات و کارەکەش دەڵاڵی تایبەتی خۆی هەیە. رێبوار لەبارەی چۆنییەتیی کارەکەیەوە دەڵێت: "لەپێناوی ئەوەی کەیسەکە دابخەم، کە دزی و تەڵاقدان بوو، ساڵ و نیوێک پێش ئێستا بەرامبەر شاهێدیەکە هەندیک پارەم وەرگرت، پێویستیم بوو کرێچیمە و کەس نەبوو هاوکاریم بکات، لۆیە ئەو پارەم وەرگرت. لەبەردەمی دادوەر شاهێدیەکی نادروستمدا و ئاگام لە کەیسەکەیان نەبوو، دوای ئەوە بابەتەکە تێپەڕی. بەگوێرەی بابەتەکە پارەکە دەگۆڕێت، هەیە 50 هەزار دینار، هەیە ملیۆن و زیاتر و هەتا 25 وەرەقە دۆلار."
 
بەشێک لە قوربانییانی شاهێدی و سوێندی درۆ بۆ پارە ئافرەتانن. دایکی نەوزاد خۆی بە قوربانیی ئەو دیاردەیە دادەنێت، کە چۆن بەهۆی شاهێدیی درۆوە تەڵاقدراوە و هیچ مافێکی ماددیی پێ نەدراوە. ئەو لە لێدوانێکدا گوتی: "تەمەنم 32 ساڵە، یەکێکم لەو ئافرەتانەی بوومە قوربانی دەستی پیاوێکی بێ ویژدان. پیاوەکەم دوو شاهێدی بەدرۆی گرت، گوایە من خیانەتی هاوژینیم لێ کردووە، دوو شاهێدەکە لەبەردەمی دادوەر بە درۆ قورئانیان خوارد هەتا من تەڵاقبدات و هیچ مافێکیشم نەداتێ"
 
لە رووی یاساییەوە، شاهێدیی درۆ لە دادگاکان دا وەکو تاوان سەیر دەکرێت و لە یاسای سزادانی عێراقی دا نۆ ماددەی بۆ تەرخانکراوە. ئاسۆ هاشم، پارێزەر، لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد: "ئێستا کەیسم هەیە شاهێدەکان درۆیان کردووە. لە ماددەی 251ی یاسای سزادانی عیراقی پێناسەی ئەو کەسانەی کردووە شاهێدی بە درۆدەدەن. لە ماددەی 252 سزاکەی دیاریکردووە،  تاوانبارەکە سزاکەی چیبێت و ماددە یاساییەکەی چی بێت، ئەوەی شاهێدی بە درۆدەدات هەمان سزا جێبەجێ دەکرێت."
 
هاوکات، لە ئایینی ئیسلامیش دا شاهێدی و سوێندی درۆ بە گوناهێکی گەورە دانراوە. مەلا محەممەد ئینەیی، ئەندامی لیژنەی فتوای هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو پرسەوە دەڵێت: " سوێندخواردن بەدرۆ لە دادگا کارەساتێکی گەورەیە و لە ئیسلامدا لە گوناهە گەورەکانە"
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەدواداچوونەکان دەریدەخەن کە زۆرترین شاهێدی و سوێندی درۆ بە پارە لە دادگاکان دا، بۆ بابەتی جیابوونەوە، پێکهێنانی پرۆسەی هاوژینی و کێشە کۆمەڵایەتییەکانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

یەکگرتوو: سبەی لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی کۆدەبینەوە

دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڕیارە سبەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و شاندە یاوەرەکەی، لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کۆدەبێتەوە.