رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو دوایین کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگاتە سعودیە و کە لە پارێزگای سلێمانییەوە بەڕێدەکەون و ژمارەیان 150 کەسە.
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو دوایین کاروانی حاجییانی ئەم ساڵ دەگاتە سعودیە. هەموو حاجییان بە سەلامەتی گەیشتوون و ئەمشەویش 300 حاجیی دیکەی هەولێر گەیشتن، کە دواین کاروانی ئەو پارێزگایە بوو."
لەبارەی حاجییانی پارێزگای سلێمانی، رۆژگار جەعفەر ئاماژەی بەوە کرد: "بڕیارە کاژێر 11:00ـی ئەمشەو دوایین کاروانی حاجییانی ئەم ساڵ لە پارێزگای سلێمانی بەڕێبکەون و بەرەبەیان دەگەنە سعودیە، کە 150 حاجین و بە گەیشتنیان پڕۆسەی چوون بۆ سعودیە تەواو دەبێت."
بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج دەڵێت: "ئەم ساڵ هیچ رووداوێکی نەخوازراو دروست نەبووە و پڕۆسەکە بە چاودێریی تیمەکانی تەندروستی و وەزارەتی ئەوقاف بە باشی بەڕێوەچوو."
ئەم ساڵ 5 هەزار و 120 هاونیشتمانی ناویان گەڕاوەتەوە بچنە حەج. 7ـی ئایاری 2026، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ