رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای پارێزەرانی وان (بارۆ) سکاڵای یاسایی لەسەر رێکخەرانی فێستیڤاڵێک لە ئەنقەرە تۆمار کرد، کە تێیدا ستایشی "ژیتەم" و "تۆرۆسی سپی" کراوە. سەندیکاکە دەڵێت: "شەرعیەتدان بەو پێکهاتانەی بە کوشتنی بکەرنادیار ناسراون، قبووڵکراو نییە."
سەندیکای پارێزەرانی وان، رۆژی یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، لە راگەیێندراوێکدا کاردانەوەی تووندی بەرامبەر بەکارهێنانی هێماکانی وەک ژیتەم (JİTEM) و "تۆرۆسی سپی" لە فێستیڤاڵێکدا نیشاندا کە هەفتەی رابردوو لە شارۆچکەی کێچیئۆرەنی ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
لە راگەیێندراوی سەندیکاکەدا هاتووە، "لە چالاکییەکەدا گوتار و نمایشی تێدا بووە کە ستایشی سەردەمە تاریک و نایاساییەکانی رابردووی کردووە. پیاهەڵدان بە ئاوازی پێکهاتەی ژیتەم و بەکارهێنانی هێمای 'تۆرۆسی سپی' برینی قووڵیان لە یادەوەریی گشتیدا بەجێهێشتووە."
پارێزەرانی وان جەختیان کردووەتەوە کە ئەو کارە نایاساییانەی لە یادەوەریی کۆمەڵگەدا وەک "کوشتنی بکەرنادیار و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" جێیان گرتووە، نابێت بکرێنە کەرەستەی کات بەسەربردن یان پڕوپاگەندە، بۆیە داوای لێکۆڵینەوەی یاسایی لە رێکخەرانی چالاکییەکە و ئەو کەسانە دەکەن کە گوتاری تاوانکارییان پێشکەش کردووە.
چی روویدابوو؟
هەفتەی رابردوو لە چالاکییەکدا بەناوی "Turkomania Fest" کە لەلایەن شارەوانیی کێچیئۆرەن (سەر بە جەهەپە) لە ئەنقەرە رێکخرابوو، بەشداربوویەک بە پۆشینی جلوبەرگی "جەم ئەرسەڤەر" (یەکێک لە دامەزرێنەرانی ژیتەم) چووە سەر ستەیج و ستایشی کرد، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا.
رێکخراوی "ژیتەم" کە لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا لە ناو فەرماندەیی جەندرمەی تورکیادا دامەزرا، بە یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی ململانێی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە دادەنرێت.
ئەم پێکهاتەیە لە باکووری کوردستان بە کردنی هەزاران "کوشتنی بکەرنادیار"، ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی چالاکڤانان و هاووڵاتیانی کورد تۆمەتبار دەکرێت.
ئۆتۆمبێلی جۆری "تۆرۆسی سپی" لای هاووڵاتیانی باکووری کوردستان وەک هێمایەک بۆ رفاندن و کوشتن لەلایەن ئەو هێزانەوە دەبینرێت، کە لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا بەکاردەهێنران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ