دەستەی مافی مرۆڤ لێکۆڵینەوە لە ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوێکی لالەزار دەکات

خوله‌كێك لەمەوپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوەڵانی، داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکەن پشتووانی بۆ کەیسی (حەمەڕەش) دەرببڕن و دەڵێن، یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی کەیسی لالەزار بەناوی (حەمەڕەش)، "لەژێر ئەشکەنجەدا ئەتک کراوە و ناچار کراوە دان بەو تۆمەتانەدا بنێت کە ئاراستەی کراون".
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دانیشتنی دادگە لە رۆژی 14ـی ئایاردا کە تایبەت بوو بە کەیسی لاهوور شێخ جەنگی و 1 کەسی دیکە، حەمەڕەش کە پێشتر پاسەوانی رێبواری حامیدی حاجی غالی بووە، لەبەردەم دادوەردا هەموو ئەو قسانەی رەتکردووەتەوە کە پێشتر لێی وەرگیراون.
 
ئەو پارێزەرە گوتی: "حەمەڕەش لە دادگە گوتی، تەنیا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا ناچاریان کردووە بڵێت هەندێک شتی بە لاهوور شێخ جەنگی داوە، بەڵام لە راستیدا هیچ شتێکی پێ نەداون و بۆی نەگواستوونەتەوە. ئێمە شۆک بووین کە لەبەردەم دادگا و داواکاری گشتیدا ئەو قسانە کران و کەچی هەمووان بێدەنگن."
 
تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند: "رۆژی دادگاییەکە نوێنەری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش لە دانیشتنەکە ئامادەبووە، ئێستا چاوەڕێی گەیشتنی راپۆرتەکان دەکەین. وەک دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم بابەتە دەکەین، چونکە ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراو پێشێلکارییەکی زەق و تاوانە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی و رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان."
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤ گوتی، لە کاتی راگیراویدا نابێت هیچ جۆرە ئەشکەنجەیەک بەرامبەر راگیراوان بەکاربهێنرێت و لە رێگەی داواکاری گشتییەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکەن.
 
هاوکات تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەت، کۆنسووڵخانەکان، دەستەی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، باس لە "دۆزەخێک" دەکەن کە بۆ بریگرتەکەیان دروستکراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "حەمەڕەش نۆ مانگە دەستبەسەرە و بە تووندی ئەشکەنجە دراوە؛ ددانی شکێنراوە، سەری شکێندراوە و تەقەڵی پێوەیە، پشتی بە چەقۆ لێیدراوە و تەقەڵە. بەپێی گوتەی خۆی، بە شێوازێکی نامرۆڤانە هێرش کراوەتە سەری و لە پیاوەتی خراوە."
 
تیمی پارێزەران هۆشداری دەدەن ئەم جۆرە رەفتارانە "سڕینەوەی کەرامەتی مرۆڤە بە ناوی یاساوە" و بێدەنگیی دامەزراوەکانی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان بە "هاوبەشیکردن لە تاوانەکە" وەسف دەکەن.
 
داواکارییەکان و لایەنی یاسایی
 
پارێزەرانی کەیسەکە چەند داواکارییەکی بەپەلەیان خستووەتەڕوو، لەوانە:
 
1- پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی و بێلایەنی پزیشکی بۆ پشکنینی باری تەندروستی حەمەڕەش.
2- گواستنەوەی ناوبراو لە زیندانی ئاسایشەوە بۆ گرتن و گواستنەوەی پۆلیس بۆ پاراستنی گیانی.
3- ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی ئەشکەنجەیان داوە و سزادانیان.
 
تیمی بەرگری ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی مادەی 37ـی دەستووری عێراق و مادەی 127ـی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی، هەر دانپێدانانێک لەژێر فشاردا بێت هیچ بەهایەکی یاسایی نییە. هەروەها بەپێی مادەی 33ـی یاسای سزادانی عێراقی، ئەگەر ئەشکەنجە ببێتە هۆی کەمئەندامبوون یان لەدەستدانی کۆئەندامی نێرینە، دەبێت ئەنجامدەرانی بە توندترین شێوە سزا بدرێن.
 
دانا تەقیەدین رایگەیاند، سبەی نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی دەستەی مافی مرۆڤ دەکەن و تاوەکو کۆتایی بە شێوازی مەدەنی و یاسایی لەسەر ئەم کەیسە بەردەوام دەبن، چونکە بە گوتەی ئەوان، حەمەڕەش دوای دانیشتنەکەی دادگەش دیسان بردراوەتەوە ژێر ئەشکەنجە و هێشتا بە مادەی 406 دەستگیرکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە