دروێنەی دانەوێڵە لە هەولێر دەستیپێکرد و کشتوکاڵ پێشبینی ملیۆنێک تۆن بەرهەمی گەنم دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دروێنەی گەنم لە ناوچە گەرمەکانی باشووری کوردستان دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، پێشبینی دەکرێ ملیۆنێک تۆن گەنم لە سنوورەکە هەبێت.
 
بەهۆی زۆریی بارانی ئەم وەرزەی بارینەوە، بەراورد بە ساڵانی پێشوو دروێنەی دانەوێڵە دواکەوت. ساڵانی پێشوو لە ناوچە گەرمەکانی وەک گەرمیان و دەشتی هەولێر لە کۆتاییەکانی مانگی چواردا دروێنە دەستی پێدەکرد.
 
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنوورەکەمان دروێنەی گەنم لە قەراج و کەندێناوە وەک یەکەمین ناوچەی پارێزگاکە دەستی پێکرد."
 
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە ئەم ساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هەبێ، لەکاتێکدا عێراق بڕیاری داوە تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێ.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی، "ئەم ساڵ پێشبینی دەکەین لە سنوورەکەمان بەرهەم بگاتە یەک ملیۆن تۆن گەنم."
 
هاوکات ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بارانەوە دروێنە دواکەوت، بەڵام ئێستا بەشێکی جووتیارانی سنوورەکەمان دروێنەیان دەستپێکردووە."
 
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن و ئەم ساڵیش 400 هەزار تۆن وەردەگرێ، بەڵام هەوڵ هەیە پشکی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێ.
 
لە پەرلەمانی عێراق واژۆی 100 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکان کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق پابەند بکرێ تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی جووتیارانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەربگرێ.
 
عەلی شێخ خاڵس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە واژۆکانی کۆکردووەتەوە بە رووداوی گوت: "یاداشتەکەم رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆئەوەی لە نزیکترین کاتدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان بیخاتە بەرنامەی کار و پەسند بکرێ، دواتر رەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێ تاوەکو جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش لەو بڕیارە سوودمەندبن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە