رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، بڕیارە سێشەممە لەلایەن سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەت بە چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لە چەند سێکتەرێک بدرێت، کە هەلی کار بۆ سەدان گەنجی قەزای کفری دەستەبەردەکات و دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژاندنەوەی قەزاکە.
شەوی دووشەممە، 17-7-2023، بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی وەبەرهێنان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی سێشەممە، 18-7-2023، لەلایەن سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانەوە 9 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی نیشتەجێبوون، پیشەسازی، کشتوکاڵ، وەرزش و بازرگانی و چەند بوارێکی دیکە رابگەیێندرێت و ئەو پڕۆژانە دەبێتە هۆکارێک بۆ بوژانەوەی شارەکە، ئەو پڕۆژانە پێشتر داوای مۆلەتیان بۆ کراوە، بڕیارە لە ئایندەشدا مۆڵەت بە پڕۆژەی زیاتریش بدرێت کە سەرجەمیان لە بەرژەوەندیی ئەو قەزایە دەبێت."
بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی یەکێک لە پڕۆژانەی مۆڵەتیان پێدەدرێت بریتییە لە کارگەی بەرهەمهێنانی گەچ، کە ناوچەکە دەوڵەمەندە بە کەرستەی خاوی گەچ.
بەشێک لە دانیشتووانی کفری ماوەی هەشت رۆژە بۆ کۆمەڵێک داواکاری مانیان گرتووە، لەوانە رەخساندانی هەلی کار بۆ دانیشتووانی قەزاکە، پڕۆژەی خزمەتگوزاری، دامەزراندنی گەنجان، وەبەرهێنان لە قەزاکە و تەواوکردنی پڕۆژەکانی رێگەوبان و سوودمەندبوونی شارەکە لە سامانە سرووشتییەکان.
رۆژی دووشەممە، 17-7-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی وەڵامدانەوەی سەرۆکی حکومەت بۆ داواکارییەکانی مانگرتووانی کفری، رایگەیاند: "یەکەم داواکاریی خەڵکی کفری جێبەجێ کرا و لە ماوەیەکی کەم زۆربەی داواکارییەکانی دیکەشیان جێبەجێ دەکرێن، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کێشەکانی شاری کفری، داوای چارەسەر و بەدواداچوونی خێرای کرد و بەڕێزیان مەبەستیەتی بە کەمترین کات ئەوەی لە توانای حکومەت بێت، کێشەکان چارەسەر بکرێن."
پێشەوا هەورامانی راشیگەیاند: "یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی کفری، بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو، لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکوەزیران دوای بەرزکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رەزامەندییان نیشان دا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە پلە دووەوە بۆ پلە یەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە."
کفری یەکێکە لە کۆنترین قەزاکانی گەرمیان و کوردستان، خاوەنی مێژوویەکی دێرین و سامان و سەرچاوەیەکی گەورەی سرووشتی و کەلەپوورییە، لەو قەزایە کە لەساڵی 1921ەوە کراوە بە قەزا، نزیکەی 70 هەزار کەس دەژین کە پێکدێن لە کورد، تورکمان و عەرەب.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ