گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: هیوادارین لەم مانگەوە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە یاسای بودجەوە

17-08-2023
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تیمە هونەرییەکانیان بەردەوامن لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەوەی پێویستبێت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کراوە و هەموو ئامادەکارییەکیش کراوە و گفتوگۆکان بەردەوامن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 17-08-2023، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تیمە هونەرییەکانمان بەردەوامن لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەوەی پێویستبێت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کراوە و هەموو ئامادەکارییەکیش کراوە و گفتوگۆکان بەردەوامن. گوتیشی، "هیوادارین لەم مانگەوە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە یاسای بودجەوە و شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی بنێرێت، ئەگەر پێشتر بیانوویەک بەناوی دەرنەچوونی یاسا و رێنماییەوە هەبووبێت، ئێستا ئەوە نەماوە و هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی سەرجەم شایستە داراییەکانی بەگوێرەی یاسای بودجە وەربگرێت".
 
هونەر جەمال گوتی، "تیمەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستان بوون و دەرگای سەرجەم وەزارەت و دائیرەکان لەبەردەمیان کراوە بوون و ئەوەی ویستبێتیان خراوەتە بەردەستیان، ئێستا تیمەکان گەڕاونەتەوە، هیوادارین بە زووترین کات راپۆرتی خۆیان پێشکێشی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی بکەن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، ئومێدەوارین هیچ پاڵنەرێکی سیاسیی لە پشت نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستانەوە نەبێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی جەخت لەوە دەکاتەوە کە مووچە و قووتی خەڵک، مافێکی دەستووری و بنەڕەتییە، نابێت تێکەڵ بە هیچ ململانێیەکی سیاسیی بکرێت و بڕگە و مادەکانی یاسای بودجەش دیارن کە چین. "ئومێدەوارین لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە لە پارێزگاکانی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت، چونکە ئەوە پابەندییەکە و دەبێت حکومەتی عێراق پێیەوە پابەندبێت".
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى لە چەند سەرچاوەیەکى بەرپرسی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، هەردوو شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لە کۆبوونەوەکانى 15 و 16ـى ئابدا، لەسەر داهاتى نانەوتى ناکۆکن و نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
حکومەتى فیدراڵى داوادەکات داهاتى نانەوتیى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکەى عێراق رادەستى بەغدا بکرێت، کە تێکڕاى داهاتەکەیە و تەنها 50%ـی داهاتى خاڵە سنوورییەکان بۆ ئەو پارێزگایانەى هەرێمى کوردستان بێت کە دەروازى سنوورییان هەیە، بەڵام شاندى هەرێمى کوردستان بەوە قایل نییە و نایەوێت وەک پارێزگاکانى دیکە مامەڵە لەگەڵ داهاتى نانەوتى بکرێت و ئەو داهاتە بگەڕێنێتەوە کە فیدراڵین، لەوانە: داهاتى پاسپۆرت و نیشینگە، فڕۆکەخانەکان، 50%ـی داهاتى دەروازە سنوورییەکان.
 
بەگوێرەى خاڵى (د) لە بڕگەى دووى مادەى 12ـی یاساى بودجەى گشتیی عێراق، دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان داهاتى نانەوتى بەگوێرەى یاسای کارگێڕیى دارایی رادەستى گەنجینەى دەوڵەت بکات و لیژنەیەکى هاوبەشی نێوان هەردوو دیوانى چاودێرى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان، وردبینى لەو داتایانەدا بکەن.
  
شاندى دیوانى چاودێریی دارایی عێراق کە زیاتر لە دوو هەفتە بوو لە هەرێمى کوردستان بوون و بە هاوبەشیی دیوانى چاودێریى دارایی راپۆرتى خۆیان لەبارەى خەرجى و داهاتەکان ئامادەکردووە. 
 
16ـی ئابى 2023 بەرپرسانى دیوانى چاودێریى دارایی لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوە و یەکێک لەو پرسانەى باسکراوە، ئەو راپۆرتانە بوون، کە بڕیارە رادەستى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایی عێراقى بکەن.
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق پێیان گوتین، "دوو راپۆرتیان لەبارەى خەرجى و داهاتى هەرێمى کەردستان ئامادەکردووە، کە تایبەتن بە دوو وەرزى سەرەتاى ئەمساڵ'، کە دەکاتە شەش مانگ."
 
یاسای بودجەى گشتی لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەماندا پەسند کرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
 
3ـی ئابى 2023، وەزارەتى دارایی عێراق بڕى 598 ملیار دینارى وەک پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى تەممووز نارد.
 
لەسەرەتاى ئەمساڵەوە، بەغدا دوو تریلیۆن و 598 ملیار دینارى وەک پشکى هەرێمى کوردستان رەوانە کردووە، کە بڕیارە لەگەڵ شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان لەسەر بەغدا، پاکتاو بکرێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە