رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئومێد هەیە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دا بڕیار لە ناردنی مووچە بدرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا لە وەڵامی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو دا گوتی، نەوت بەربەستی بەردەم کێشەی مووچە بوو، بەڵام ئەو مەلەفە چارەسەر کرا و ئێستا داخراوە. گوتیشی، "بە هەناردەکردنەوەی نەوت، راستەوخۆ مووچە خەرج دەکرێت".
لەبارەی مووچەی مانگەکانی 6 و 7، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، ئەو دوو مووچەیەش خەرج دەکرێت و هیچ مووچەیەک نافەوتێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی کێشەیەکی دیکەی مووچەی کرد، ئەویش داهاتی ناوخۆیە. لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئەوەش چارەسەر کراوە" و دڵنیایی دا، "لە هەفتەی داهاتوودا کۆمەڵێک کرانەوە بەڕووی نەوت و مووچەدا هەیە".
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی کۆبوونەوەیەکی چوار رۆژ پێش ئێستای خۆی لەگەڵ سوودانی کرد، گوتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، "ئەو هەنگاوە خێرایانەی هەرێمی کوردستان و ئەو بەرەوپێشچوونانەی هەن، وایکردووە ئومێدمان هەبێ لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەی مووچە چارەسەر بێت".
رۆژی 13ـی ئابی 2025، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، "لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتین و 50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ دەبێت. کۆنووسی رێککەوتنەکە لەلایەن 23 کەسایەتیی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە کە 17یان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون".
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی 6 و 7یان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا ئەو دوو مووچەیە لە عێراق دابەشکراوە.
بڕیارە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە حکومەتی عێراق کۆببێتەوە و بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئومێد هەیە بڕیار لە ناردنی مووچە بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ