رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رەخنەی تووند لە بڕیاری قەدەخەکردنی وتاری کوردی لە مزگەوتەکانی شارۆچکەیەکی ئاگری دەگرێت و دەڵێت، ئەمە تەنیا بڕیارێکی تاکەکەسیی موفتی نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی هزرێکی 100 ساڵەی دەوڵەتە کە بوون و زمانی کورد رەتدەکاتەوە.
سڕی ساکیک، پەرلەمانتاری ئاگری لەسەر لیستی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 15:00ـی هەواڵەکانی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکەشی دەکات، وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە قەدەخەکردنی وتاری کوردی لە مزگەوتەکانی شارۆچکەی دیادینی سەر بە ئاگری دایەوە.
سڕی ساکیک ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی کورد سەدەیەکە باج بۆ پاراستنی زمانەکەی دەدات و گوتی: "کورد 100 ساڵە بۆ ئازادکردنی زمانیان خەبات و تێکۆشانێکی گەورە دەکات. سەدە و نیوێکە لەم خاکەدا بە کوردی قسە دەکەین، بە کوردی شین دەگێڕین و بە کوردی داوای ئاشتی دەکەین، بەڵام بەداخەوە هێشتا لە مزگەوت، پەرلەمان و هەموو شوێنێک هێرش دەکرێتە سەر زمانەکەمان."
سەبارەت بە بڕیارەکەی موفتیی شارۆچکەی دیادین، ساکیک گوتی: "خەڵک لە ماڵ و بازاڕدا بە کوردی قسە دەکات، بۆچی نەتوانێت لە کاتی گوتنی وتاری ئایینیدا بە زمانی دایکی خۆی گوێ لە ئامۆژگارییەکان بگرێت؟"
ئەو سیاسەتڤانە کوردە، رەخنەی لە هەڵوێستی پەرلەمانی تورکیاش گرت بەرامبەر بە زمانی کوردی و رایگەیاند: "کاتێک لە پەرلەمان بە کوردی قسە دەکەین، مایکرۆفۆنەکەمان دادەخەن و دەڵێن 'زمانێکی نەناسراوە'. ئەو پەرلەمانەی کە بانگەشەی ئاشتی و برایەتی دەکات، هێشتا یەک وشەی کوردیش قبووڵ ناکات. بڕیارەکەی موفتییەتیی ئاگریش سەلماندی کە ئەم دەسەڵاتە دژی یاسای برایەتییە."
ساکیک پێیوایە کێشەی کورد بە قەدەخەکاری چارەسەر نابێت و پێویستە کورد یەکڕیزیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی بەهێز بکات بۆ ئەوەی رێگری لەم جۆرە هێرشانە بکات. داواشی لە بەرپرسانی تورکیا کرد کە هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بنێن و کۆتایی بە قەدەخەکردنی زمانی کوردی بهێنن.
موفتیی شارۆچکەی دیادین لە پارێزگای ئاگری، پێشکێشکردنی وتاری هەینیی بە زمانی کوردی لە مزگەوتەکانی ئەو شارۆچکەیە قەدەخە کردووە، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی لە نێو خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی باکووری کوردستان لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ