رووداو دیجیتاڵ
دۆزینەوەی ژمارەیەک نوشتە و سیحر لەنێو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییاندا لەلایەن فیتەرێکەوە، دەرگای لەسەر باسێکی بەرفراوانی سیحر و کاریگەرییەکانی کردووەتەوە، لەکاتێکدا مامۆستایانی ئایینی هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی و یاساناسانیش باس لەوە دەکەن کە هیچ یاسایەکی تایبەت بە سیحر نییە.
حەمەی مەلا، فیتەرێکی شاری سلێمانییە و لە ماوەی ساڵێکدا چوار نوشتە و سیحری لەنێو ئۆتۆمبێلی موشتەرییەکانی دۆزیوەتەوە. حەمەی مەلا لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "کاتێک پارچەکانی ئۆتۆمبێل بەتەواوی دەکەینەوە، سیحرەکە دەردەکەوێت. لەو شوێنانە دادەنرێن کە دەستی پێنەگات، بەرچاو نییە و تاریکە، وەک ژێر قاعیدەی ماسیحە یان پشتی پاوەری برێک."
حەمە باس لەوە دەکات کە نوشتەکان بە خەتی سوور و بە شێوازێکی "ناشرین" نووسراون و ناوی سەیروسەمەرەیان تێدایە. ئەو لە ترسی دروستنەبوونی کێشە، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان ئاگادار ناکاتەوە و دەڵێت، "لەپێناو خودا ئەو کارە دەکەین. دواتر نوشتەکە بۆ لای مامۆستایەکی ئایینی دەبەین بۆ ئەوەی بەتاڵی بکاتەوە."
"هەردوو جۆری سیحر حەرامە"
مامۆستا شەماڵ سەباح، پێشنوێژ و گوتاربێژ و شارەزا لە بەتاڵکردنەوەی سیحر، دوای بینینی وێنەی یەکێک لەو نوشتە دۆزراوانە لە بەرپرسیار، گوتی: "ئەوەی دۆزراوەتەوە بە نیەتی باش و بۆ پارێزراوی لە رووداو و زیادبوونی رۆزی کراوە."
بەڵام مامۆستا شەماڵ جەخت دەکاتەوە کە سیحر دوو جۆرە (رەش و سپی) و "هەردووکی هەر بە خراپ کار دەکات، چونکە کاری شەیتان و جنە. ئەگەر کەسێک بڵێت نیەتم باشە و بچێت سیحر بکات، هەر حەرامە و بە خراپە بۆی دەگەڕێتەوە."
مامۆستا شەماڵ ئامۆژگاریی هاونیشتمانییان دەکات کە لەکاتی دۆزینەوەی سیحردا، دەتوانن بە خوێندنی سوورەتەکانی فاتیحە، ناس و ئایەتەلکورسی بەسەر پەرداخێک ئاودا و دانانی نوشتەکە لەنێویدا بۆ ماوەی شەوێک، پاشان سووتاندن و ژێرخاک خستنی، بەتاڵی بکەنەوە.
هاوکات، مامۆستا شەماڵ ئامارێکی شۆکهێنەر ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "80%ی ئەو ئافرەتانەی کە دەچن سیحر دەکەن، رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە و تەسلیمی ساحیرەکە دەبن، چونکە ساحیرەکە ئەوە دەکاتە مەرج." ئەو داوا لە قوربانییان دەکات سکاڵا لەسەر ساحیرەکان تۆمار بکەن.
"بۆشایی یاسایی"
سەرەڕای بەربڵاوی و مەترسییەکانی دیاردەکە، لە یاسای عێراقدا هیچ مادەیەکی تایبەت بە سیحرکردن نییە.
یونس حەسەن، پارێزەر، لە بەرپرسیار، گوتی: "ئەو بابەتە بەپێی مادەی 456ی یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە تایبەتە بە 'فێڵکردن' و سزاکەی دەگاتە 5 ساڵ بەندکردن." بەڵام ئەو روونیشی دەکاتەوە کە "سەلماندنی سیحر لە دادگە کارێکی زۆر ئەستەمە."
ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بۆ رووداو هەمان زانیاری پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، پرۆسەکە کاتێک دەستپێدەکات کە سکاڵاکارێک هەبێت و داواکاری گشتی دۆسیەکە بجوڵێنێت، بابەتەکەش بە مادەی 456 مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە هەندێک وڵاتی دیکە یاسای تووند بۆ ئەم بابەتە دانراوە. بۆ نموونە، لە لیبیا سزاکەی لە 5 تاوەکو 15 ساڵ زیندانیکردنە و لە سعودیەش سزای سیحرکردن تاوەکو لەسێدارەدان دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ