رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی سزادانی بە شەش مانگ بەندکردن بەهۆی رەخنەگرتن لە حەشدی شەعبی، دەڵێت نووسراوەکە کۆنە، "دوای قسەکانم بە کارە نەشیاوەکانی حەشدی شەعبی دێت لە کەرکووک، بەتایبەت لە خوورماتوو و داقوق."
نووسراوێک لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوبووەتەوە تایبەت بە سزادانی محەممەد عوسمان عەزیز ناسراو بە حەمەسوور دووشیوانی، لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک، بەهۆی ئەو قسانەی لەساڵی 2017 بە حەشدی شەعبی گوتوونی. مێژووی نووسراوەکە بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، بەڵام وا بڵاوکراوەتەوە کە سزادراوە.
سەبارەت بەو نووسراوە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 17-9-2023) محەممەد عوسمان عەزیز ناسراو بە حەمەسوور دووشیوانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو نووسراوە کە ئێستا بڵاوکراوەتەوە، کۆنە و بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە. نووسراوەکە هی دادگەی تاوانەکانی کەرکووکە و پەیوەندیی بە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیمەوە هەیە کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 کردم و تێیدا باسی ئەو هێرش و پەلامارانەم کرد کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک کردیان، بەتایبەت لە داقووق و خوورماتوو، تەنیا لە داقووق 25 ماڵیان سووتاند و رووخاند."
دوای ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە حەشدی شەعبی سکاڵای لەسەر بەرپرسەکەی یەکێتی تۆمار کرد. حەمەسوور دووشیوانی دەڵێت "دوای دانیشتنی دادگە و هێنان و بردن، لە ساڵی 2021 بڕیاری بەندکردنم بۆ ماوەی شەش مانگ دەرچوو، لەگەڵ راگرتنی جێبەجێکردنی."
ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی لە رۆژی 21-12-2021، تێیدا دادگەی تاوانەکانی کەرکووک لەسەر سکاڵای ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و دەستەی حەشدی شەعبی و بەپێی مادەی 226ـی یاسای سزادانی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی عێراقی بڕیاری شەش مانگ بەندکردنی بۆ محەممەد عوسمان عەزیز ناسراو بە حەمەسوور دووشیوانی دەرکردووە بەتۆمەتی سووکایەتیکردن.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، لەبەرئەوەی ناوبراو بەتەمەنە و پیشینەی تاوانی نییە و پێشبینیی کردنی تاوانیشی لێ ناکرێت، بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت.
لە مادەی 226ـی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە "هەر کەسێک بە ئاشکرا بە یەکێک لە رێگەکان سووکایەتی بە ئەنجوومەنی گەل یان حکومەت یان دادگەکان یان هێزە چەکدارەکان یان دەستە رێکخراوەییەکان یان دەسەڵاتە گشتییەکان یان بەرژەوەندیی یان فەرمانگە فەرمی یان نیمچە فەرمییەکان بکات، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت سزا دەدرێت."
دوای رووداوی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، 119 هەزار و 526 کەرکووکی ئاوارەی هەولێر و سلێمانی بوون، زیاتر لە 77 هەزاریان لە هەولێر و 42 هەزاریان ئاوارەی سلێمانی بوون. نزیکەی 10 هەزار کەس لە خورماتوو ئاوارەبوون و نزیکەی 50 پۆستی ئیداری کەرکووک لە کورد وەرگیراونەتەوە.
لە 16ـی ئۆکتۆبەرەوە نزیکەی 160 خانوو لە خورماتوو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تەقێنرابوونەوە، بەڵام تائێستا خاوەنەکانیان قەرەبوو نەکراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ