رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی کە یەکێک لە ئەرکەکانی رێکخراوەکە دۆکیومێنتکردنی قوربانیانی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانە بۆ سەر باشووری کوردستان، دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە 22 هاونیشتمانی سڤیل لە باشووری کوردستان کوژراون و برینداربوون.
رۆژی سێشەممە، 17-10-2023 کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە لەنێو باشووری کوردستان، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە 10 کەسی سڤیل شەهیدبوون و 12ـی دیکەش برینداربوون. شەش لەو هاووڵاتیانە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە شەهیدبوون؛ سێ کەسیان لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەی جەنگی و هاووڵاتییەکیشیان بەهۆی تەقینەوەی مین لە نزیک یەکێک لە بارەگا سەربازییەکان شەهیدبووە".
سەبارەت بە بریندارەکانیش کامەران عوسمان گوتی، "دوو هاووڵاتی بەهۆی تەقەی راستەوخۆی سەربازانی تورکیاوە برینداربوون، 9 کەسیان بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و یەک کەسیشیان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە برینداربووە".
لەبارەی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ئەو هاونیشتمانیانەوە، ئەو ئەندامەی رێکخراوە ئەمریکییەکە گوتی، "سێ هاووڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی گیای بەهارە شەهید بوون؛ شەشیان لە نێو ئۆتۆمبێل بوون و یەکێکیشیان لەنێو ماڵدا بووە. هەرچی بریندارەکانیشە، دوو کەسیان لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتدا برینداربوون، پێنج کەسیان لەنێو ئۆتۆمبێل، سێ کەسیان لەنێو کەمپی پەنابەرانی مەخموور، هاووڵاتیەکی دیکە لەکاتی کۆکردنەوەی گیای بەهارە و ئەوی دیکەش لەنیو ماڵەکەی خۆیدا بریندار بووە".
بە گوێرەی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، ژمارەی ئەو هاونیشتمانیە سڤیلانەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون بەمشێوەیە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەمجۆرەیە:
- دهۆک 4 گیانلەدەستدان و 2 بریندار
- هەولێر 1 گیانلەدەستدان و 8 بریندار
- سلێمانی 5 گیانلەدەستدان و 2 بریندار
لەبارەی رووداوەکەی بەیانیی ئەمڕۆی قەزای کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، کامەران عوسمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەمڕۆ سێشەممە لە نزیک چیای هەیبەت سوڵتان لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج چوار کەسی تێدا بووە. یەکێکیان گیانی لەدەستدا بەناوی دلۆڤان ئیشلیک کە خەڵکی باکووری کوردستان بوو؛ سێ کەسیش برینداربوون و برینی یەکێکیان سەختە. کوژراوەکە و سێ بریندارەکە دانیشتووی کامپی مەخموورن و لە یەک خێزانن، بەڵام بەپێی ئاسایشی ناوچەکە هیچ چەکێک لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا نەبووە. ئەو کەسەی گیانی لەدەستدا ناوی دلۆڤانە و شۆفێری بۆ ئەو سێ کەسەی دیکە کردووە."
بەیانیی ئەمڕۆ دکتۆر شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە لەبارەی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆردوومانەکە کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ لەنزیک گوندی کانی کەند لە ناوچەی چنارۆکی سنووری کۆیە بووە".
بەپێی ئامارەکانی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، لە مانگی ئابی 2015ـەوە بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە 149 کەس گیانیان لەدەستداوە و 227 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ