رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی شەهیدان، قوربانیان و زیندانیانی سیاسیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی عێراق بۆ سۆراخ و هێنانەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە سەردانی ئێران دەکات. سەرۆکی رێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەش دەڵێت، "ژمارەی ئەو منداڵانەی ونبوون 211 منداڵە".
رۆژی سێشەممە، 17-10-2023 چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لیژنەی شەهیدان، قوربانیان و زیندانیانی سیاسیی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کەیسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی دەرەوەی عێراقم کرد بۆ تاوتوێکردنی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە. لەگەڵ عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق کۆبووینەوە و بڕیارە بەمنزیکانە شاندێک بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی ئەو منداڵانە سەردانی ئێران بکات".
چرۆ حەمەشەریف گوتی، "شاندەکە لە بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، نوێنەرێکی پارێزگای هەڵەبجە ص نوێنەرێک لە رێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە پێکدێت. کاتی سەردانەکە بۆ ئێران دیار نییە، بەڵام لە نزیکترین کاتدا دەبێت".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە داتای ئەو منداڵانەیان لایە و دەدرێتە لایەنی ئیرانی، چونکە ئەو منداڵانە ساڵی 1988 کە براونەتە ئێران لەوێ زانیارییەکەیان تۆمارکراوە و سەرجەم وردەکارییەکان لەوێ هەیە.
لە ساڵی 1988 و لەکاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا چەندین منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕان و تەنیا چارەنووسی ژمارەیەکی کەمیان روون بووەتەوە.
شەونم عەبدوڵڵا، سەرۆکی رێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، رۆژی سێشەممە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، لەبارەی ئەو کەیسەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا 211 منداڵی هەڵەبجە ون بوون. 18 منداڵ گەڕاونەتەوە. بەشێک لەو منداڵانە پەیوەندییان پێوەکردووین و دەڵێن، خەڵکی هەڵەبجەن وپێیانگوتوون کە لە هەڵەبجەوە چوونەتە ئێران".
شەونم عەبدوڵڵا کە دایکی دوو منداڵای ونبووی هەڵەبجەیە، گوتیشی، " ئێمە ئومێد دەکەین ئێران هاوکار بێت و بتوانین ئەو منداڵانەی ماون و کەسوکارەکانیان لێرەن، بدرێنەوە بە کەسوکاریان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ