رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو بە بەشداری هەشت لیست، نوێنەرانی کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان هەڵبژێردرێن. جێگری سەرۆکی رێکخراوەکەش دەڵێت "83 هەزار ئەنداممان هەیە کە دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن."
رۆژی هەینی، 17-11-2023، عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی 3-12-2023، هەڵبژاردنی دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە هەر 12 لقی رێکخراوەکە لە پارێزگا و شارەکانی کوردستان، بەڕێوەبچێت."
بەگوتەی عەبدولواحید محەممەد لەو هەڵبژاردنەدا نزیکەی 83 هەزار مامۆستا مافی بەشداریکردنیان هەیە، هەشت لیستیش بەشداری لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە دەکەن، دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە، دواتر کۆنگرەی 12 دەبەسترێت و پاشان کۆنفڕانسی لقەکان دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 25-10-2023 لە بارەگای مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەڕێوەچوو و تیروپشك كرا بۆ لیستەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە و لیستەكان ژمارەی خۆیان وەرگرت كە لە ژمارە 102ەوە تاوەكو 109 دەستپێدەكات، كە تێیدا هەشت لیست پێشبركێی هەڵبژاردنی یەكێتی مامۆستایان دەكەن و دابەشكراوەتە سەر 12 بازنە، کە ژمارەی لقەکانی رێکخراوەکەیە و ژمارەی لیستەکانیش بەمشێوەیەن:
- (102) لیستی مامۆستایانی نیشتیمان (پارتی).
- (103) لیستی مامۆستایانی یەکگرتووی ئیسلامی.
- (104) لیستی مامۆستایانی زەحمەتکێشان.
- (105) لیستی مامۆستایانی سۆشیالیست
- (106) لیستی مامۆستایانی یەکێتی.
- (107) لیستی مامۆستایانی پێشەنگ (کۆمەڵەی دادگەری).
- (108) لیستی مامۆستایانی گەشەپێدانی تورکمانی.
- (109) لیستی مامۆستایانی کلد و ئاشوور.
یەكێتی مامۆستایانی کوردستان لە 15ـی ئایاری ساڵی 1962 دامەزراوە، نزیکەی 83 هەزار ئەندامی خاوەن ناسنامەی هەیە، 12 لقی لەشارەکان و قەزاکانی هەرێمی کوردستان هەیە، 27 ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و 15 ئەندامی سکرتاریەتی هەیە، کۆنگرەی 12 کە دوایین كۆنگرەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بووە، لە ساڵی 2011 کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ